Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 15:54

سبه‌ی چله‌ی هونه‌رمه‌ند" باكوری" به‌رێوه‌ ده‌چێت

کوردستان TV
100%


 سبه‌ی سێشه‌ممه‌ 13-12-2022 وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان ،به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری سریانی، به‌ هه‌ماهه‌نگی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر، له‌ ژێر ناوی "باكوری ده‌نگێك بۆ پێكه‌وه‌ ژیان"، چله‌ی هونه‌رمه‌ند باكوری به‌رێوه‌ ده‌بات. 
 رێوڕه‌سمه‌كه‌ له‌ كاتژمێر: 4ی ئێواره‌  له‌ هۆڵی ڕۆشنبیری، ڕێگای كه‌ركووك به‌رێوه‌ ده‌چێت.
هونه‌رمه‌ند  باكووری ، له‌ڕێكه‌وتی (5/11/1928) له‌ قشڵه‌ی شاری كۆیه‌ له‌دایكبووه‌ ، باوك و دایكی هونه‌رمه‌ند له دێی ( صاتیبه‌گ ) و ( خه‌راشك ) سه‌ربه‌شاری وانی باكوری كوردستان له‌دایكبوون، له‌سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو دێنه‌ شاری كۆیه‌و له‌( قشڵه‌ی كۆیه‌) نیشته‌ جێ ده‌بن .
مامۆستا باكووری له‌ساڵی (1935) چۆته‌ به‌رخوێندن و قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌شاری كۆیه‌ له‌ (1946) ته‌واو كردووه‌ ،له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایدا له‌ڕێی وانه‌ی سروود و خوێندنی سروود له‌گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ هه‌ست به‌توانا و ده‌نگخۆشیی هونه‌رمه‌ند كراوه‌و مامۆستا ( شه‌فیق سابیر) یه‌كه‌م هانده‌ری بووه‌، هه‌روه‌هاژینگه‌ی خانه‌واده‌كه‌ی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكی ده‌نگی خۆش بووه‌ و ئه‌و فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری ستران و لاوكه‌ی باكووری كورستانی له‌گه‌ڵدا ژیاوه‌و شه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی لاوك و سترانه‌ كۆنه‌كانی ده‌ڤه‌ری وان ی خوێندووه‌ و ده‌نگی هونه‌رمه‌ند( كاوێس ئاغا) به‌به‌رده‌وامی له‌ ماڵه‌كه‌یاندا له‌ڕێی گرامافۆنه‌وه‌ بیستراوه‌ ، ئه‌وه‌ش هۆكارێكی دیكه‌یه‌ له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند باكوری، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قۆناغی ئاماده‌یی له‌ كۆیه‌ نه‌بووه‌ ، باوكی هونه‌رمه‌ند به‌هۆی پیشه‌كه‌ی ( پۆلیس ) بووه‌ شوێنی كاره‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆشاری هه‌ولێر و ، له‌ هه‌ولێر هونه‌رمه‌ند پۆلی چوار و پێنجی ئاماده‌یی به‌شی (وێژه‌یی ) ته‌واو ده‌كات ، بۆ درێژه‌دان به‌خوێندن له‌ساڵی (1952) ڕووده‌كاته‌ شاری به‌غداو له‌ كۆلیژی ( دارالمعلمین عالیه‌ ) به‌شی زمانی ئینگلیزی وه‌رده‌گیرێت ،له‌هه‌مان ساڵدا ده‌چێته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا، دوای چوار ساڵ خوێندن به‌سه‌ركه‌وتوویی بڕوانامه‌ی ده‌رچوون وه‌رده‌گرێت، له‌ساڵی (1957) وه‌ك مامۆستای زمانی ئینگلیزی ، له‌ناوه‌ندی كوڕانی كۆیه‌ كه‌پێشتر خۆی قوتابی بووه‌ له‌و قوتابخانه‌یه‌ داده‌مه‌زرێت ، هونه‌رمه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی( حاجی قادر و سێوه‌و تایه‌رتۆفیق و دڵدار ) به‌ڵام به‌ته‌نیا تا ساڵی (1959) خانه‌واده‌كه‌ی به‌یه‌كجاری ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كۆیه‌.
ده‌ستپێكی كاری هونه‌ری مامۆستا باكوری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوو له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا و ئاشنابوونی به‌ هونه‌رمه‌ندانی كورد و عه‌ره‌ب .
مامۆستا باكووری به‌دامه‌زرێنه‌ی تیپی مۆسیقای باواجی له‌كۆیه‌ داده‌نرێت یه‌كێك بووه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی شاری كۆیه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (سێوه‌) كه‌به‌شداری هه‌ردوو ئاهه‌نگی شاری هه‌ولێر و كۆیه‌ ، ساڵی (1957) كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه‌ بۆ زیان لێكه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی شاری سلێمانی.
له‌ساڵی (1961) وه‌ك كاری مامۆستایه‌تیه‌كه‌ی ڕاژه‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شاری هه‌ولێر و نیشته‌جێ ده‌بێت ، له‌هه‌ردوو بواره‌كه‌دا وانه‌ وتنه‌وه‌و هونه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، باكووری خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی هێمن و له‌سه‌ر خۆ ، به‌ڵام كه‌سێك بووه‌ هه‌میشه‌ حه‌زی له‌گه‌شت و سه‌یران و به‌زم و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی دۆست و یاران و باده‌ نۆشین ‌بووه‌ ، له‌هه‌ر شوێنێك بانگهێشت كرابێت خۆیی و ئامێری عووده‌كه‌ی له‌وێ بوون و خۆشیی و شادی و خه‌نده‌ی به‌ ڕۆحی ئاماده‌بووان به‌خشیوه و هه‌میشه‌ ژیانی خۆشویستووه گه‌شبین بووه‌‌‌، هونه‌رمه‌ند دوای ئه‌و میژووه‌ جوان و پرشنگداره‌ له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ خۆی زیاتر سه‌رقاڵی نووسین كردووه‌، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا چه‌ند كتێبێكی به‌چاپ گه‌یاندووه‌ ، جگه‌ له‌ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان وتار و نوسینی هه‌بووه‌، سوپاس بۆ خامه‌ی جوانی و خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت كه‌به‌و به‌رهه‌مه‌ جوانانه‌ كتێبخانه‌ی كوردی ئاوه‌دان كردۆته‌وه‌ :
1/ یه‌كه‌م كتێبی ، بابه‌تێكی وه‌رگێڕان بووه‌ له‌زمانی ئینگلیزییه‌وه‌ بۆ كوردی به‌ناوی ( چۆنیه‌تی گۆرانی گوتن)
2/ سێ به‌رگ له‌ كتێبی (گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان) كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ (699) لاپه‌ڕه‌ و، هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ره‌ جوان و شیرینه‌كانی ( 47) هونه‌رمه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌مان .
3/ كتێبی چیرۆكی هه‌ندێ گۆرانی كوردی ڕه‌سه‌ن .
4/ كتێبی ته‌مه‌نێك ، گۆرانی و ئاوازو مۆسیقا و خۆشخوانی.
5/ كتێبی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌ له‌ (1957 تا 2008)
6/ كتێبی ئیزگه‌ ، مێژووی دامه‌زراندنی ڕادیۆی به‌غدای عه‌ره‌بی و به‌شی كوردی.
مامۆستا باكووری به‌هۆی ئه‌و ئه‌زموونه‌ دوورو درێژ و لێوریژه‌ له‌هونه‌ر بۆته‌ سه‌رچاوه‌و هه‌میشه‌ سوود له‌زانیارییه‌كانی وه‌رگیراوه‌ و خاوه‌نی ئه‌رشیفێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندی بواری هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردییه وه‌ك ( وێنه‌ و قه‌وانی گرامافۆن)،
هونه‌رمه‌ندله‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا چه‌ندجارێك خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی پێ به‌خشراوه‌و و ڕێز له‌مێژووی هونه‌ری گیراوه‌ ، هه‌روه‌ها خاوه‌نی دووه‌مین خه‌ڵاتی (ماملێ )یه‌ له‌ساڵی (2010) كه‌له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ری ماملێ وه‌ پێبه‌خشراوه‌و ، باكووری هونه‌رمه‌ند یه‌كێكه‌ له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری (بنكه‌ی مه‌قام) له‌شاری هه‌ولێر. 
 زۆر به‌داخه‌وه‌،ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ به‌رزه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان  له‌ 2-11-2022له‌ته‌مه‌نی 94 ) له‌ شاری هه‌ولێر ساڵیدا كۆچی دوایی كرد
ئا- كامران

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.