Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 09:32

جامی جیهانیی 2022... لە قۆناغی چارەگی کۆتاییدا ساتی لە بیرنەکراو تۆمار کرا

کوردستان TV
100%


یارییەکانی قۆناغی چارەگی کۆتایی جامی جیهانیی فیفا 2022ی قەتەر کۆتای هات و هەڵبژاردەکانی نیوەی کۆتایی دەرکەوتن. لە یارییەکانی چارەگی کۆتاییدا ساتی لە بیرنەکراو روویدا کە لە مێژوودا دەمێنێتەوە.
لە قۆناغی نیوەی کۆتاییدا مەغریب-فەڕەنسا و ئەرژەنتین- کرواتیا رووبەڕووی یەک دەبنەوە.
فرمێسکی رۆناڵدۆ و نەیمار، مشتومڕی نێوان مێسسی و لویس ڤان خال، سەرکەوتنی مێژوویی مەغریب، لە دەستدانی پەناڵتی لەلایەن هاری کەینەوە و خۆشی دەربڕینی یاریزانانی ئەرژەنتین و تێپەڕبوونیان لە بەردەم یاریزانانی هۆڵەندا بەشێک بوون لەو ساتانەی کە لە مێژووی مۆندیالدا دەمێننەوە.

- سەرکەوتنە میژوویەکەی مەغریب
هەڵبژاردەی مەغریب، کە لە پورتوگالی بردەوە و بووە یەکەم هەڵبژاردەی ئەفریقی و عەرەبی ناوی لە قۆناغی نیوەی کۆتاییدا تۆمار بکات، یاریزانانی ئاهەنگی خۆشییان دەگێڕا.


یاریزانانی مەغریب، دوای بردنەوەکەی یاریگای ئەلسەمامە کڕنۆشی سەرکەوتنیان کرد و دیمەنەکانی ئەو ساتە چەندین ملیۆن جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە.


- فرمێسکەکانی رۆناڵدۆ و نەیمار
هەردوو ئەستیرەی جیهانیی تۆپی پێ، کریستیانۆ رۆنالدۆ و نەیمار دا سیلڤا بە فرمێسکەوە ماڵئاواییان لە مۆندیال کرد.
هەڵبژاردەی پورتوگال بە ئەنجامی 1-0 بە هەڵبژاردەی مەغریب دۆڕا و بەڕازیلی پاڵێوراویش بە لێدانی یەکلاکەرەوە بە هەڵبژاردەی کرواتیا دۆڕا و ماڵئاواییان لە مۆندیال کرد.


- بردنەوەی ئەرژەنتین لە هۆڵەندا و دەربڕینی خۆشی
بێگومان بەهێزترین یاریی چارەگی کۆتایی یاریی نێوان ئەرژەنتین و هۆڵەندا بوو. لە یارییەکە کە ئەرژەنتین بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە پێش بوو، یەکسانکردنی ئەنجامەکە لە دوا خولەکی یارییەکە هەموو کەسی تووشی شۆک کرد.
ئەرژەنتین، بە لێدانی یەکلاکەرەوە توانی یارییەکە بباتەوە و تێپەڕێ بۆ قۆناغی نیوەی کۆتایی. بە درێژایی یارییەکە مشتومڕ و بەریەککەوتن لە نێوان یاریزانانی هەردوو هەڵبژاردە روویدا و ئاهەنگ گێرانی چەند یاریزانێکی ئەرژەنتین لە بەردەم یاریزانانی هۆڵەندا دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد.
ئاهەنگ گێڕانی مێسسی لە بەردەم راهێنەری هۆڵەندا لویس ڤان خال کاتێک دەستی لە پشت گوێچکی دانا و سوکایەتی پێکرد و قسەکردنی بە هێرشبەرێکی هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە کۆتایی یارییەکە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ باسکرا.

- پەناڵتییە فەوتاوەکەی هاری کەین
لەدەستدانی پەناڵتی لەلایەن یاریزانە ئەستێرەکانەوە لە جامی جیهانیدا بە رووداوە لە بیرنەکراوەکان دادەنرێت.
هاری کەین-ی ئەستێرەی ئینگلتەرا لە دوا ساتەکانی یارییەکە پەناڵتییەکی هاوشێوەی پەناڵتییە فەوتاوەکەی رۆبێرتۆ باجیۆ لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 1994ی ئەمریکا لەدەستدا و ئەو ساتە لەبیرنەکراوەی تۆمار کرد و بلیتی دەرچوونی وڵاتەکەی لە مۆندیالی بڕی.

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.