Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 15:52

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە

کوردستان TV
100%

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی كانوونی یەكەمی 2022، لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق گفتوگۆیان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان کرد لە ڕەشنووسی بودجەی 2023ـی عێراق.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی حکوومەتی فیدراڵی كۆبووەوە.

ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا گفتۆگۆ لەبارەی جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 کرا و جەخت لەسەر بەردەوامی کاری لیژنەی هونەری نێوان هەردوولا لەسەر ئەو بابەتە کرایەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، ئەمە جاری دووەمە شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەرێم وپرسی بودجە و مادەی 140 و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ سەردانی بەغدا دەکەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش دا کە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەریەک لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، د.جوتیار عادل، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا پێکهاتووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.