دواى ئەوەى لەلایەن مەسرور بارزانى سەرۆكی حکوومهتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا بە چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقییەکان، ئەمڕۆ دووشەم بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ دانانى میکانیزمێکى تایبەت بۆ جێبەجێکردنى ئەم بڕیارە و چۆنیەتى گرتنەبەرى ڕێکارەکانى پێشکەشکردنى داواکارى هاووڵاتییان، لەگەڵ سەرجەم قائیمقامەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا دواى گفتوگۆ لە بارەى چۆنیەتى چارەسەرکردن و دەستنیشانکردنى میکانزمێک بۆ چارەسەرکردنى گرفتی زەوییەکانی ناسراو بە زەوی سندووقی کە چەپ و ڕاستیان بەشێوەی زێدەڕۆ کراوەتە خانوو، بەڵام تا ئێستا رێگە نەدراوه ئەو پارچە زەوییانە بکرێنە خانوو کرا، تیشک خرایە سەر چۆنیەتى دەستکردن بەڕێکارەکانى چارەسەرکردنى ئەم زەوییانە، بۆ ئەومەبەستەش کۆبوونەوە بڕیاری دا:-
سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەى کە خاوەنى زەوی سندووقین، لە ئەمڕۆ دووشهم ڕێكهوتی 2022.12.12 تاکو 2023.2.12 بۆ ماوەى دوو مانگ مۆڵەتیان بدرێت بۆ پێشکەشکردنى داوکارییەکانیان بە قائیمقامییەتى سنوورەکەیان بۆ دروستکردنى خانوو و تاپۆکردنى زەوییەکانیان.
ماوەی چەندین ساڵە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەتی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی و شارەوانییەکانی هەولێر داوای چارەسەرکردنی گرفتی زەوییەکانی ناسراو بە زەوی سندووقی دەکەن، هەربۆیە لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت و نەهێڵانى گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتى ئەو زەوییانە، مهسرور بارزانی سەرۆكى حکوومەتى هەرێمی کوردستان بڕیاردرا بەپێی یاسا و دوای گرتنەبەری رێكارەكان، چارەسەرى گرفتی ئەو زەویانە بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.