Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 13:33

باكوری دەنگێك بۆ پێكەوە ژیان 

ئەمڕۆ چل رۆژ تێپەڕ دەبێت ، بەسەر كۆچی دواییكردنی هونەرمەندی ناوداری نەتەوەكەمان" باكوری" دا.
کوردستان TV
100%

هونەرمەند  باكووری ، لەڕێكەوتی (5/11/1928) لە قشڵەی شاری كۆیە لەدایكبووە ، باوك و دایكی هونەرمەند له دێی ( صاتیبەگ ) و ( خەراشك ) سەربەشاری وانی باكوری كوردستان لەدایكبوون، لەسەرەتای بیستەكانی سەدەی پێشوو دێنە شاری كۆیەو لە( قشڵەی كۆیە) نیشتە جێ دەبن .
مامۆستا باكووری لەساڵی (1935) چۆتە بەرخوێندن و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لەشاری كۆیە لە (1946) تەواو كردووە ،لە قۆناغی سەرەتایدا لەڕێی وانەی سروود و خوێندنی سروود لەگۆڕەپانی قوتابخانە هەست بەتوانا و دەنگخۆشیی هونەرمەند كراوەو مامۆستا ( شەفیق سابیر) یەكەم هاندەری بووە، هەروەهاژینگەی خانەوادەكەی لەبەر ئەوەی باوكی دەنگی خۆش بووە و ئەو فەرهەنگ و هونەری ستران و لاوكەی باكووری كورستانی لەگەڵدا ژیاوەو شەوانە لەگەڵ هاوڕێكانی لاوك و سترانە كۆنەكانی دەڤەری وان ی خوێندووە و دەنگی هونەرمەند( كاوێس ئاغا) بەبەردەوامی لە ماڵەكەیاندا لەڕێی گرامافۆنەوە بیستراوە ، ئەوەش هۆكارێكی دیكەیە لەسەر هونەرمەند باكوری، لەبەر ئەوەی قۆناغی ئامادەیی لە كۆیە نەبووە ، باوكی هونەرمەند بەهۆی پیشەكەی ( پۆلیس ) بووە شوێنی كارەكەی دەگوازرێتەوە بۆشاری هەولێر و ، لە هەولێر هونەرمەند پۆلی چوار و پێنجی ئامادەیی بەشی (وێژەیی ) تەواو دەكات ، بۆ درێژەدان بەخوێندن لەساڵی (1952) ڕوودەكاتە شاری بەغداو لە كۆلیژی ( دارالمعلمین عالیە ) بەشی زمانی ئینگلیزی وەردەگیرێت ،لەهەمان ساڵدا دەچێتە ڕادیۆی كوردی بەغدا، دوای چوار ساڵ خوێندن بەسەركەوتوویی بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرێت، لەساڵی (1957) وەك مامۆستای زمانی ئینگلیزی ، لەناوەندی كوڕانی كۆیە كەپێشتر خۆی قوتابی بووە لەو قوتابخانەیە دادەمەزرێت ، هونەرمەند دەگەڕێتەوە بۆ شارەكەی( حاجی قادر و سێوەو تایەرتۆفیق و دڵدار ) بەڵام بەتەنیا تا ساڵی (1959) خانەوادەكەی بەیەكجاری دەگەڕێنەوە كۆیە.
دەستپێكی كاری هونەری مامۆستا باكوری دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی پەنجاكانی سەدەی پێشوو لەڕادیۆی كوردی بەغدا و ئاشنابوونی بە هونەرمەندانی كورد و عەرەب .
مامۆستا باكووری بەدامەزرێنەی تیپی مۆسیقای باواجی لەكۆیە دادەنرێت یەكێك بووە لەو هونەرمەندانەی شاری كۆیە لەگەڵ هونەرمەند (سێوە) كەبەشداری هەردوو ئاهەنگی شاری هەولێر و كۆیە ، ساڵی (1957) كۆمەك كۆكردنەوە بۆ زیان لێكەوتووانی لافاوەكەی شاری سلێمانی.
لەساڵی (1961) وەك كاری مامۆستایەتیەكەی ڕاژەكەی دەگوازرێتەوە بۆ شاری هەولێر و نیشتەجێ دەبێت ، لەهەردوو بوارەكەدا وانە وتنەوەو هونەر بەردەوام دەبێت، باكووری خاوەنی كەسایەتییەكی هێمن و لەسەر خۆ ، بەڵام كەسێك بووە هەمیشە حەزی لەگەشت و سەیران و بەزم و كۆڕو كۆبوونەوەی دۆست و یاران و بادە نۆشین ‌بووە ، لەهەر شوێنێك بانگهێشت كرابێت خۆیی و ئامێری عوودەكەی لەوێ بوون و خۆشیی و شادی و خەندەی بە ڕۆحی ئامادەبووان بەخشیوه و هەمیشە ژیانی خۆشویستووه گەشبین بووە‌‌، هونەرمەند دوای ئەو میژووە جوان و پرشنگدارە لەناوەڕاستی ساڵی نەوەدەكانەوە خۆی زیاتر سەرقاڵی نووسین كردووە، وەك پێشتر ئاماژەم پێدا چەند كتێبێكی بەچاپ گەیاندووە ، جگە لەڕۆژنامەو گۆڤارەكان وتار و نوسینی هەبووە، سوپاس بۆ خامەی جوانی و خەرمان بەرەكەت كەبەو بەرهەمە جوانانە كتێبخانەی كوردی ئاوەدان كردۆتەوە :
1/ یەكەم كتێبی ، بابەتێكی وەرگێڕان بووە لەزمانی ئینگلیزییەوە بۆ كوردی بەناوی ( چۆنیەتی گۆرانی گوتن)
2/ سێ بەرگ لە كتێبی (گۆرانیبێژە نەمرەكان) كە پێكهاتووە لە (699) لاپەڕە و، هەڵدانەوەی لاپەرە جوان و شیرینەكانی ( 47) هونەرمەندی نەتەوەكەمان .
3/ كتێبی چیرۆكی هەندێ گۆرانی كوردی ڕەسەن .
4/ كتێبی تەمەنێك ، گۆرانی و ئاوازو مۆسیقا و خۆشخوانی.
5/ كتێبی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە لە (1957 تا 2008)
6/ كتێبی ئیزگە ، مێژووی دامەزراندنی ڕادیۆی بەغدای عەرەبی و بەشی كوردی.
مامۆستا باكووری بەهۆی ئەو ئەزموونە دوورو درێژ و لێوریژە لەهونەر بۆتە سەرچاوەو هەمیشە سوود لەزانیارییەكانی وەرگیراوە و خاوەنی ئەرشیفێكی زۆر دەوڵەمەندی بواری هونەری موزیك و گۆرانی كوردییه وەك ( وێنە و قەوانی گرامافۆن)،
هونەرمەندلەماوەی ژیانی هونەریدا چەندجارێك خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشراوەو و ڕێز لەمێژووی هونەری گیراوە ، هەروەها خاوەنی دووەمین خەڵاتی (ماملێ )یە لەساڵی (2010) كەلەلایەن مەڵبەندی هونەری ماملێ وە پێبەخشراوەو ، باكووری هونەرمەند یەكێكە لە دەستەی دامەزرێنەری (بنكەی مەقام) لەشاری هەولێر. 
 زۆر بەداخەوە،ئەم هونەرمەندە بەرزەی نەتەوەكەمان  لە 2-11-2022لەتەمەنی 94 ) لە شاری هەولێر ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
هەر بەم بۆنەوە ،ئەمڕۆ  سێشەممە 13-12-2022 وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ،بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە ژێر ناوی "باكوری دەنگێك بۆ پێكەوە ژیان"، چلەی هونەرمەند باكوری بەرێوە دەبات. 
 رێوڕەسمەكە لە كاتژمێر: 4ی ئێوارە  لە هۆڵی ڕۆشنبیری، ڕێگای كەركووك بەرێوە دەچێت.
ئا- كامران
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.