Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 02:26

سۆپای داری چوار گۆشەیی لە سەرمای وەرزی زستاندا خواستێكی زۆری لەسەرە

کوردستان TV
100%

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، هاووڵاتییان لە خەمی خۆگەرمكردنەوەدا دەبن و ئامادەكاری دەكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرما، یەكێك لە ئامادەكارییەكانیش دابینكردنی سۆپای دارە لە ناوچە شاخاوییەكان و گوندەكان كە تا ئێستاش لە بەشێك لە ناوچەكان ئەم جۆرە سۆپایە بۆ خۆگەرمكردنەوە لە سەرمای وەرزی زستان بەكاردەهێنرێت و خواستێكی زۆری لەسەرە.
وەستا لوقمان حەسەن ماوەی نیو سەدەیە لە شاری هەولێر پیشەكەی دروستكردنی سۆپای دارە كە لە باوكییەوە بۆی ماوەتەوە، ئەو ساڵانە بە بیرۆكەی نوێ دەست دەكات بە دروستكردنی سۆپای دار و لەئێستاشدا، لەبری سۆپای بازنەیی، سۆپای چوارگۆشەیی بۆ ئەو هاووڵاتییانە دروست دەكات كە خواستی ئەو شێوازەیان هەیە.
سەرەتا پلێتەكان لە وڵاتانی توركیا و ئێران هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكەن و دواتر لە رێگای ئامێری بڕین، دیزاینكردن و لەحیمكردنەوە دەیكەن بە سۆپا و بەگوتەی ئەو پیشەكارە، پلێتەكان چەند جۆرێكیان هەیە و جۆرە توركییەكەی كوالێتی لەوانی دیكە باشترە.
لەوبارەیەوە وەستا لوقمان حەسەن گوتی: لە تەمەنی منداڵییەوە لەلای باوكم دەستم بەو ئیشە كردووە، سەرەتا لە ساڵانی پەنجاكان دوكانمان لەناو بازاڕی قەیسەری بوو، ئەوكات شێوازی كاركردن جیاواز بوو ئامێر نەبوو، هەموو كارەكانمان بە دەست دەكرد، بەڵام ئێستا چەندین ئامێری پێشكەوتوو هەیە بۆ خێراتركردن و ئاسانتركردنی كارەكانمان.
لەبارەی كوالێتی پلێتەكانیشەوە گوتی: بەپێی وەرزەكان، مەوادی پلێتەكە دەگۆڕێت، ئەوەی ئێستا هەیە لە توركیا و ئێران هاوردە دەكرێن، ئەوانیش كوالێتی بەرز و نزمیان هەیە، بۆ سۆپای دار زیاتر پلێتی رەنگ رەش بەكاردەهێنین كە پلێتەكە لە توركیاوە هاوردە دەكرێت.
ئاماژەی بەوەدا كە ئێستا زۆرینەی سۆپا دروستكردنەكەی بە شێوازی چوارگۆشەیە و لەمبارەیەوە دەڵێت: كاتی خۆی بیرۆكەیەكم بۆ هات كە سۆپای دار لە شێوازی بازنەیی بكەمە شێوازی چوارگۆشەیی و نیوەی دەرگاكەیشی بكەمە شووشە بۆ ئەوەی ئاگرەكەی ناو سۆپاكە بە جوانی دیاربكەوێت، ئیتر دەستم پێی كرد و ئێستاش خەڵكێكی زۆر خواستی لەسەرە ئەو جۆرە چوارگۆشەیە.
ئەو وەستایە پێیوایە دانانی سۆپای دار لە ماڵەكان، جگە لەوەی هۆكاری نەبوونی نەوت و كارەبایە، هاوكات جوانییەكی تایبەتیش بە شوێنەكە دەبەخشێت و لەمبارەیەوە گوتی: ساڵانە كاتێك سەرما دادێت و نەوت دابەش ناكرێت، ئەوا خواستێكی زۆر دەكەوێتە سەر سۆپای دار، هەرچەندە ئەوەش كێشەی هەیە، چونكە دەستكەوتنی دار تۆزێك زەحمەتە، بەڵام نەبوونی كارەباش گرفتێكی دیكەی هاووڵاتییانە بۆ ئەوەی روو لە بەكارهێنانی سۆپای دار بكەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.