Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 17:32

بەڵێ ئێوە بایکۆتتان کردووە؛ کوتلەی وەزاری پارتی وەڵامی تیمی یەکێتی لە حکوومەت دەداتەوە

کوردستان TV
100%

کوتلەی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی تیمی یەکێتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەداتەوە و ڕایگەیاند، بەڵێ ئێوە بایکۆتتان کردووە ئیتر بۆ بە گوتنی ڕاستییەکان قەڵس دەبن.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی 12ـی 2022 بەغدا بڕیاری ناردنی 400 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دا، تیمی یەکێتی ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و دەستکەوتەکەی بۆ یەکێتی گەڕاندەوە، لەبەرامبەردا کوتلەی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی دایەوە و جەخت دەکەنەوە کە "ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە کاروبارەکانی حکوومەت دووربن لە هەموو کێشەیەکی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەڵام بەداخەوە تیمی وەزاری یەکێتی لەم ڕووەوە هاوکار نین."

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی کوتلەی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان:-

بەڵێ ئێوە بایکۆتتان کردووە ئیتر بۆ بە گوتنی ڕاستییەکان قەڵس دەبن

دوای ئەو کردەوە تیرۆریستییەی لە شاری هەولێر ئەنجام درا و بووە هۆی شەهیدبوونی عەقید هاوکار جاف کە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و دڕندانە لەبەرچاوی خێزان و منداڵەکانی  تیرۆر کرا و دوای ئەوەی هێزەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، تۆمەتبارانیان دۆزییەوە و بە بەڵگەی تەواوەوە لەسەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دانیان بە تاوانەکەدا نا، چاوەڕوان دەکرا بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران هاوکاری دادگەکان بکات، کەچی خۆی و سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، فشارێکی زۆریان کرد بۆ ئەوەی ئەم تاوانە قێزەونە پەردەپۆش بکرێت و سازشی لە سەر بکرێت، بەڵام دوای ئەوەی هیچ سازشێک لەسەر پەردەپۆشکردنی تاوانەکە نەکرا، بۆیە جێگری سەرۆک وەزیران بڕیاری دا بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بکات و داواشی لە تیمی وەزاری یەکێتی کرد بەشداری کۆبوونەوەکان نەکەن. هەرخودی بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران لە سەر بڕیاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕێگری کرد و نەیهێشت وەزیرەکانی یەکێتی بۆ جاری دووەم بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا، بۆیە شاندەکە لە ئێوارەی 12ـی 11 بەسەرۆکایەتی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری گەڕانەوە بەغدا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان و داکۆکیکردن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

ئێمە هەمیشە هەوڵمان داوە کاروبارەکانی حکوومەت دووربن لە هەموو کێشەیەکی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەڵام بەداخەوە تیمی وەزاری یەکێتی لەم ڕووەوە هاوکار نین.

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەمڕۆ دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، دەنگی لەسەر ناردنی 400 ملیار دینارەکە دا وەک دەربڕینی نیازپاکی و پابەندبوون  بەو ڕێککەوتننەی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵ  کراوە، هەروەها لەسەر بنەمای کارنامەی وەزارەی حکوومەت، کەچی ڕاگەیاندنی فەرمی  یەکێتی هەر زوو خۆی کردە خاوەنی ئەم بڕیارە کە گوایە بە هەوڵی یەکێتی ئەم بڕیارە دراوە، لەکاتێکدا تیمی وەزاری یەکێتی بە ئاشکرا ئامادە نەبوو بچێتە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان.

بەداخەوە ئێوە هەمیشە خۆتان دەکەنە شەریک و خاوەنی دەسکەوتەکان، بەڵام لە کاتی پێویستیشدا، لە بەرپرسیاریەتی ڕادەکەن و ئامادە نین بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان بخەنە سەرووی بەرژوەندییە تایبەتی و حیزبییەکانتان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.