Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 17:40

جامی جیهانیی2022.. ئەرژەنتین بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە کرواتیای بردەوە

کوردستان TV
100%

ئەرژەنتین بلیتی یاریی کۆتایی بەدەستهێنا و چاوەڕێی براوەی یارییەکەی ئه‌مشه‌وی نێوان مەغریب و فەڕەنسا دەکات.

لە میانی یارییەکانی قۆناغی نیوەی کۆتایی جامی جیهانیی فیفا 2022 لە قەتەر هەڵبژاردەی ئەرژەنتین بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی کرواتیا-ی بردەوە.

هەڵبژاردەی ئەرژەنتین، لە یارییەکەی یاریگای لوسێل و لەبەردەم زیاتر لە 88 هەزار هاندەر بۆ بردنەوە و تۆڵەی دۆڕاندنەکەی ساڵی2018ی مۆندیالی رووسیا هاتە نێو یاریگاوە.

لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی کرواتیا، بە پشتبەستن بە تواناکانی مۆدریچ و لیفاکۆفیچ-ی گۆڵپارێزی و دووبارە کردنەوەی ئەنجامەکەی رووسیا دەستی بە یاری کرد.

مێسسی و هاوڕێکانی هەر لەیەکەم خولەکی یارییەکەوە بە هێز و ویستی تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم یارییان کرد و ئەوەبوو لە خولەکی 32دا جولیان ئالڤارێز پەناڵتییەکی بەدەستهێنا و مێسی لە خولەکی 34دا گۆڵی یەکەمی بۆ وڵاتەکەی تۆمار کرد.

لە خولەکی 39دا جولیان ئالڤاریز، جارێکی دی دەرکەوتەوە و لە ناوەڕاستی یاریگاوە تۆپێکی برد و گۆڵی دووەمی بۆ ئەرژەنتین تۆمار کرد و نیوەی یەکەمی یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتایی هات.

لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، سەرجەم هەوڵەکانی هەڵبژاردەی کرواتیا بێ ئەنجامبوون و تەنانەت هیچ مەترسییەکیان نەکردە سەر هێڵی بەرگریی ئەرژەنتین.

لە بەرامبەردا، یاریزانانی ئەرژەنتین دەیانویست ژمارەی گۆڵەکانیان زیاد بکەن و ئەوەبوو مێسسی لە خولەکی 69دا تۆپێکی لە لای راستی گۆڵی کرواتیا برد و دوای دەرچوونی لە بەرگریکارەکان پاسێکی دایە جولیان ئالڤارێز و ئەویش گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی بۆ ئەرژەنتین تۆمار کرد.

لەو ماوەیەی کە مایەوە لە یارییەکە هیچ گۆڵێک تۆمار نەکرا و ئەرژەنتین بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر ناوی خۆی لە یاریی کۆتایی مۆندیالی قەتەر نووسی و چاوەڕێی براوەی یارییەکەی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ نیوان مەغریب و فەڕەنسا دەکات.

یاریی کۆتایی مۆندیال رۆژی یەکشەممە 18ی کانوونی یەکەم کاتژمێر شەشی ئێوارە لە یاریگای لوسێل بەڕێوەدەچێت.

ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین، لیۆنێل مێسسی بەو گۆڵەی شه‌وی رابردوو، کۆی گۆڵەکانی لە مۆندیالەکان گەیاندە 11 گۆڵ و بووە خاوەن زۆرترین گۆڵی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین لە مێژووی مۆندیالدا.

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.