بەهۆی تێکچوونی بەشێكی توونێلی دەربەندیخان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری نۆژەنکردنەوەی توونێلی دەربەندیخانی دا و بڕی 187ملیۆن و 828 هەزار دیناری بۆ تەرخان کرد، لە 2ی تشرینی یەکەمی2022، کارکردن تێیدا دەستیپێکرد و ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بە بەردەوامی کاری تێدا دەکرێت.
كارەكانی نۆژەنكردنەوەی توونێلی دەربەندیخان بەرەو كۆتایی دەچن و فوئاد حەمەباقی، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی سلێمانی دەڵێت: هەنگاوەكانی نۆژەنكردنەوەی توونێلی دەربەندیخان لە كۆتایی نزیكبوونەتەوە و هەفتەی داهاتوو توونێلەكە بەڕووی شۆفێران و بارهەڵگرەكاندا دەكرێتەوە.
بەهۆی كاری نۆژەنكردنەوە لە توونێلی دەربەندیخان، ماوەی دوو مانگە توونێلەکە داخراوە و کاری بەردەوامیشی تێدا دەکرێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی 187 ملیۆن و 828 هەزار دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی تەرخانكردووە و دووی تشرینی یەکەمی 2022، كاركردن لە پڕۆژەكەدا دەستیپێكرد.
سەبارەت بە کردنەوەی توونێلەکە، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی سلێمانی، ڕایگەیاند:''بڕیاربوو كۆتایی ئەم هەفتەیە توونێلی دەربەندیخان بەڕووی شۆفێران و بارهەڵگراندا بكرێتەوە، بەڵام کردنەوەکەی بۆ هەفتەی داهاتوو دواكەوتووە.
فوئاد حەمەباقی، لەبارەی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکەوە گوتی، كارەكان بەكۆتا هاتوون و توونێلەكە بەشێوەیەكی مۆدێرن نۆژەنكراوەتەوە، كە رەچاوی سەلامەتیی هاتووچۆ کراوە و ڕووناككەرەوەشی بۆ داندراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە، بەردەوامە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو شار و شارؤچکەکانی هەرێمی کوردستان و نۆژەنکردنەوەی توونێلی دەربەندیخانیش یەکێکە لەو پرۆژانەی کە حکومەت جێبەجێی دەکات لە پێناو ئاسانکاری بۆ شۆفێران و هاوولاتییانی ناوچەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.