Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 08:52

حكومەتی هەرێمی كوردستان : بەجێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەی ڕێگاوبان، كۆیە لە پایتەخت نزیك دەكرێتەوە

کوردستان TV
100%

لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، لە شارۆچكەی كۆیە ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەكرێن، پڕۆژەكانیش لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەكرێن كە كۆی گشتی گوژمەی تەرخانكراو بۆ گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری كۆیە 37 ملیار و 500 ملیۆن دینارە و لەم گوژمەیەش 15 ملیار دیناری لە بودجەی پەرەپێدان و بودجەی ئاسایی پارێزگای هەولێرە كە 6 ملیار و 300 ملیۆن دیناری تەرخانكراوە بۆ شەقامی جووتسایدی فیدراڵ و 7 ملیار و 500 ملیۆن دیناری دیكە ڕەزامەندی وەرگیراوە و لەئێستاشدا خەریكی ئامادەكردنی دیزاینن بۆ پڕۆژەی چوارڕیانی حاجی قادری كۆیە كە شەقامێكی ستراتیژییە لە ناو شاری كۆیە و لە وەزارەتی شارەوانی كارەكانی تەواو بووە.
جگە لەوەش بە نزیكەی 15 ملیار دیناری دیكە چەندین پڕۆژە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و چاككردنەوەی ڕێگاو بانی هەولێر و ئاوەدانكردنەوە لەبەشێكی زۆری گوند و ناحیەكانی سنووری قەزای كۆیە جێبەجێكراوە، بەگشتیی ئەو 37 ملیار و 500 ملیۆن دینارە، ئەگەر بەراورد بكرێت لەگەڵ قەزاكانی دیكەی سنووری پارێزگای هەولێر، قەزای كۆیە پشكی شێری بەركەوتووە.
لەبارەی ئەم پڕۆژانەوە پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: وەكو پارێزگای هەولێر لەژێر ڕێنماییەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، بەبێ جیاوازی و بەشێوەیەكی یەكسان لەنێو شار و دەرەوەی شار پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان جێبەجێ دەكەین، بەپێی توانای بەردەست لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و بودجەی ئاسایی پارێزگا، پڕۆژەكان بە هەموو گوند و قەزا و ناحییە و ئەو جێگە و شوێن و گەڕەكانە دەگەیەنین كە پێویستیان بە زیاتر ئاوڕلێدانەوە هەیە.
پڕۆژەی جووتسایدی كۆیە – هەولێر
جووتسایدی كۆیە – هەولێر كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژیی و گرنگەكان ‌ بودجەیەكی زۆری پێویستە، بەڵام لەناو پلان و بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دایە و پارێزگای هەولێر لەگەڵ سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لەسەر هێڵن بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە. ئەم پڕۆژەیە لە چوار قۆناغ دەبینێتەوە و قۆناغی چوارەمی كە نزیكە لەشاری كۆیە، لەلایەن وەزارەتەكانی شارەوانی و ئاوەدانكردنەوە ڕەزامەندی وەرگیراوە و لەئێستادا دیزاینی بۆ دەكرێت و لەمنزیكانە دەست پێدەكات. قۆناغەكانی تریشی لەناو پلانی حكومەت دایە بۆ جێبەجێكردنی، بەدووسایدكردنی ئەو شەقامە جگە لەوەی داواكاری هاوڵاتییانە سوودێكی زۆریش بەخەڵكی كۆیە دەگەیەنێت و كێشەیەكی گەورەی شاری هەولێریش چارەسەر دەكات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.