Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 19:29

نەیمار لەو دۆسیانەی کە لە ئیسپانیا دادگایی دەکرا بێتاوان دەرچوو

کوردستان TV
100%


ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی، نەیمار داسیلڤا لەو دۆسیەی کە بە بانگەشەی ئەنجامدانی گەندەڵی و ساختەکاریی لە پرۆسەی گواستنەوەی لە یانەی سانتۆسەوە بۆ یانەی بارسێلۆنا لە ساڵی 2013 دادگایی دەکرا، بێتاوان دەرچوو.

لەو راگەیەندراوەی کە لە دادگای ئیسپانیاوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو بانگەشانەی کە لەلایەن گرووپی DISوە خراوەتەڕوو سەبارەت بە پێشێلکاریی لە گرێبەستەکەی نەیمار و بە ئەنقەست زیان پێگەیاندنی، بەهۆی کەمیی بەڵگەوە لادراوە.

لە دوای ئەم بڕیارە نەیمار و باوکی و سەرۆکەکانی پێشووی یانەی بارسێلۆنا ساندرۆ رۆسێل و جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ لەو تۆمەتانە بێ تاوان دەرچوون کە ئاراستەیان کرابوو.

گرووپی DIS کە هێشتا نەیمار تەمەنی 17 ساڵ بوو لە سەدا40ی مافی گواستنەوەی کڕیبوو، بە بانگەشەی ئەوەی کە ئەو یاریزانە پێشوەخت لەگەڵ بارسێلۆنا رێککەوتووە و رێگریی لە یانەکانی دیکە کردووە کە داوای گواستنەوەی پێشکەش بکەن و ئەو بڕە پارە راستەقینەی وەرنەگرتووە کە لە گواستنەوەیدا خەرج کراوە، لە دادگا سکاڵای تۆمار کردبوو.

ئەو گرووپە کە تەنها تۆمەتەکانی لە دژی دایکی نەیمار کشاندبوویەوە داوای سزای پێنج ساڵ زیندانی و 159 ملیۆن یۆرۆ سزای دارایی بۆ نەیمار، پێنج ساڵ زیندانی، شەش ساڵ قەدەغەکردنی چالاکی وەرزشی و 195 ملیۆن یۆرۆ سزای دارایی بۆ سەرۆکەکانی پێشووی بارسێلۆنا ساندرۆ رۆسێل و جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ کردبوو.

دوای ئەوەی داواکاری گشتی لە مانگی تشرینی دووەمدا تۆمەتەکانی رەتکردبوویەوە، پارێزەرەکانی گرووپی DIS تانەیان پێشکەش کردبوو و ئەم جارەیان داوای سەپاندنی سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانییان بۆ نەیمار کردبوو.

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.