Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 10:32

وه‌زیری دارایی زانیاری نوێ له‌سه‌ر ناردنی 400 ملیار دیناره‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو

کوردستان TV
100%

دوای سەردانی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە ناردنی 400 ملیار دینار وەکو پشکی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی 11 و 12ـی ساڵی 2022.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ئەندامی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ڕاگەیاند، کە بابەتی نەوت، بوودجە و پشکی هەرێم لە بەشە بوودجەی 2023ـی عێراق، لەو بابەتانەن کە بۆی هاتوون، لەبارەی ناردنی پشکی هەرێم گوتی "وەزارەتی دارایی عێراق، لە تەواوی ساڵی 2022دا، تەنیا دوو مانگ پارەی بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە".

وەزیری دارایی و ئابووری، گوتیشی ''بەشێکی سەردانەکەمان تایبەت بوو بە داکۆکیکردن لە بەشە بوودجەی هەرێم، هەروەها ئەو کێشانەی کە پێشتر لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبوون، هەروەها کێشەی میلاکاتی فەرمانبەران، بابەتی خەرجی و داهاتمان بەتەواوەتی چارەسەر کرد.''

لەو سەردانەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بابەتێکی دیکە کە گفتوگۆی لەسەر کراوە بابەتی نەوتە کە بووەتە کێشەیەکی هەڵپەسێرداوی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکانیان گفتوگۆیان لەبارەی نەوتەوە کردووە و هەنگاوی زۆر باشیان ناوە و تاڕادەیەک لێکتێگەیشتن لەنێوانیان هەیە.

لەبارەی درەنجامی کۆبوونەوەکانیش گوتی "کۆکبووین لەسەر ئەوەی کە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێكکەوتنی سیاسی و بەرنامەی وەزاری حکوومەتی نوێی عێراق، چارەسەر بۆ ئەو بابەتانە بدۆزینەوە".

وەزیری دارایی و ئابووری ئەوەشی گوت ''وەکو وەزارەتی دارایی و ئابووری بە فەرمی داوامان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە بۆ خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی ئابووریش باسمان لەوە کردووە و بەڵێنیان پێداین، کە لە ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری بکەن، دوای هەوڵەکانی شاندەکەش، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا کە پارەی دوو مانگی هەرێم بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.''

وەزیری دارایی و ئابووری، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمجارە بەراورد بە جارەکانی دیکە، تاڕادەیەکی زۆر گەشبینترن و دەرئەنجامی گفتوگۆیەکان بە دڵی هاووڵاتییان دەبن، هەوڵی زۆریشیان داوە بابەتی بوودجە و پشکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکەن، بەشێوەیەک کە نەکەوێتە ناو کێشمەکێشی سیاسی و قۆزتنەوەی سیاسیش دژی هەرێمی کوردستان بکرێت.

لەبارەی کەشی کۆبوونەوەکانەوە، ئاوات شێخ جەناب کە ئەندامێکی شاندەکەی هەرێمە بۆ بەغدا گوتی: دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان ئەرێنین و وەکو چۆن سێ ڕۆژە ئێمە بە ئەرێنی بینوویمانە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.