Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 21:23

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەم 14ی دیسێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
 

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاووتوێ کرا.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی وزاریی حکوومەت کردەوە.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە کەشێکی ئەرێنی لە ئارادایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ھیوادارین ڕەزامەندیدان لە سەر ناردنی پشکی ھەرێم بۆ مانگەکانی 11 و 12 ، ببێتە ھەنگاوێک بەرەو گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە بودجە و نەوت وگاز و ناوچە کێشە لەسەرەکان و پرسەکانی تر.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم بەتایبەتی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ھەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی بەریتانیا و ئەوروپا بە گشتی کرا.

گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوی دۆخی ناوچەکە و دەرچوونی میلشیا و ھێزە چەکدارە نایاساییەکان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.