پارێزگاری هەولێر لێژنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، چارەسەری ئەو شەقامانەی ناو شاری هەولێر بکرێت کە قەرەباڵخییەکی زۆریان کەوتووەتە سەر.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی 12ـی 2022، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و هەریەک لەقائیمقامى ناوەند و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر و بەڕێوەبەرانی هەر شەش شارەوانی و ئەندازەی هاتووچۆ و پارک و باخچەکان، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەی لیژنەى ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی هاتووچۆ ئەنجام درا.
ڕاشیگەیاند: لەکۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی پێشوتر کرا و تیشک خرایەسەر پەرەپێدان و باشترکردنی سیستەمی هاتووچۆی ناو شاری هەولێر و ڕێکخستنەوە و نۆژەنکردنەوەى شەقامە و شوستەکانى ناوشار و ئەو شوێنانەی کە پێویستیان بە چاککردن هەیە، هەروەها کۆبوونەوە جەختی لە چارەسەرکردنی هەموو ئەو شوێن و شەقامە سەرەکییانە کردەوە کە لە چەند جێگەیەکى شاری هەولێر قەرەباڵخییەکی زۆریان کەوتۆتەسەر و بەهۆی زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێلەوە دووچاری خنکان هاتوون، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگاری هەولێر، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە هەماهەنگى یەکتر و لەڕێگەى لیژنەى هاوبەش لەگەڵ قائیمقامیەتى ناوەند چارەسەری ئەو پرسە بکرێت.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە کە لە کۆتایشدا، لەپێناو ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی هاتووچۆ، ژمارەیەک داوکارى و پێشنیار لەلایەن بەڕیوەبەرایەتى هاتووچۆى هەولێر خرانە ڕوو، دواى گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنیان لەلایەن ئامادەبووانەوە، پارێزگاری هەولێر، سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕیوەبەرایەتى هاتووچۆى هەولێرى ڕاسپارد بەدواداچوون و دیراسەى ووردى ئەو داوکارى و پێشنیارانە بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.