Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 23:15

بۆچی كەمی مێرووەكانی سەر تابلۆی ئۆتۆمبێلەكان زانایانی نیگەران كردووە؟

کوردستان TV
100%

لە هۆشدارییەكی ناوازەدا، زاناكان نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە "كەمبوونەوەی ژمارەی مێرووەكانی سەر تابلۆی ئۆتۆمبێل" لە بەریتانیا دەربڕی ، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ كەمبوونەوەی ژمارەی مێرووە فڕیوەكان لە وڵاتەكەدا.
لە ڕاپرسییەكی ئەم دواییەی زانستی هاوڵاتی باگس ماتەر دەریخستووە كە ژمارەی مێرووە فڕیوەكان لە بەریتانیا خێراتر لە جاران داڕماون و ژمارەكان بە ڕێژەی 64% دابەزیوە لە چاو ساڵی 2044.
دوایین ئامارەكان كە بە پشتبەستن بە ڕاپرسییەكی ساڵانەی ئەو مێرووانەی كە لەسەر تابلۆی ئۆتۆمبێلەكان دۆزراونەتەوە، دابەزینی بەرچاوی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئاشكرا كردووە، كە لە ساڵی 2022دا بە ڕێژەی لەسەدا 5 كەمتر لە ساڵی 2021 مێرووەكان دەستنیشانكراون.
بەپێی ڕۆژنامەكە ئیندیپێندێنتی بەریتانیا،ڕێكخراوە خێرخوازییەكان كە پەیوەندییان بە پاراستنی ژینگەوە هەیە داوای كردەوەی بەپەلەیان كرد بۆ چارەسەركردن و پێچەوانەكردنەوەی ئەم تێكچوونە، جەختیان لەوە كردووەتەوە كە "كاردانەوەی گەورەی لەسەر ئیكۆسیستەمەكان لە هەموو شوێنێك هەیە، كە مەترسی لەسەر دابینكردنی خۆراك بۆ كۆمەڵێك ئاژەڵ و هەروەها مرۆڤ دروست دەكات. 
ئەو دوو ڕێكخراوە خێرخوازیەی كە ڕاپرسییەكەیان بەڕێوەدەبەن، ڕێكخراوی كێنت لایفلایف تراست و بوگلیف، هۆشداریان داوە كە جیهان "پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زیاترە لەسەر مێرووەكان، بە قەبارەیەكی گەورەتر، بۆ ئەوەی باشتر لە ڕادەی دابەزینەكە تێبگات و چی پێویستە بكرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كێشەكە.
لە بەیاننامەیەكدا كە ئەنجامی ڕاپرسییەكەیان ڕاگەیاندووە، ئەو دوو ڕێكخراوە ڕایانگەیاندووە: مێرووەكان پاڵپشتی زنجیرە خۆراكییەكان دەكەن، زۆربەی بەرهەمە (كشتوكاڵییەكان)ی جیهان گەردەن دەكەن، هەروەها خزمەتگوزاریی كۆنتڕۆڵكردنی ئافاتەكانی سروشتیش پێشكەش دەكەن.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، ئەگەر مێرووەكان نەبوایە ژیان لەسەر زەوی دەڕووخێت و مانەوەی مرۆڤایەتی لەسەر هەسارەكەمان دەكەوێتە مەترسییەوە.
هۆكارەكانی پشت كەمبوونەوەی خێرای ژمارەی مێرووەكان لە سەرانسەری جیهاندا بریتین لە "لەدەستدان و زیانگەیاندن بە شوێنی نیشتەجێبوون، پیسبوونی هەوا، قەیرانی كەشوهەوا، پیسبوونی ڕێڕەوی ئاو، بەكارهێنانی قڕكەر و پەرەپێدان (دروستكردن)ی فەزای كێوی.
لەوبارەیەوە ئەندرۆ وایت هاوس، بەرپرسی كارگێڕی كۆمپانیای باگلیف گوتی: بۆ دووەم ساڵ لەسەریەك، باگسمەتەر دابەزینی كارەساتبارانەی لە زۆری مێرووە فڕیوەكاندا نیشانداوە. پێویستە ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ چارەسەركردنی لەدەستدانی هەمەجۆریی و زۆری لە ژیانی مێرووەكاندا.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بابەتە دەخرێتە بەردەم سەركردەكانی بەشداربوو لە لوتكەی "كۆپ-15"ی نەتەوە یەكگرتووەكان لە مۆنتریال، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر تێكچوونی جیهانی جۆراوجۆری زیندوو.
لە درێژەی قسەكانیدا گوتی، ئێمە چاومان لە سەركردەكانمانە لە Cop15 بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی یەكلاكەرەوە بگرنەبەر بۆ گەڕاندنەوەی سروشت لە قەبارەدا - بۆ هەردوو گیانلەبەرە كێوییەكان و تەندروستی و خۆشگوزەرانی نەوەكانی داهاتوو.
وایت هاوس داواشی كرد كە شێوازی ڕاپرسییەكەیان بۆ وڵاتانی دیكە بەكاربهێنرێت بۆ ئەوەی باشتر لە كەمبوونەوەی مێرووەكان لە سەرانسەری جیهان تێبگەن.


 

شێوازی ژیان هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.