بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی خوێندكارانی ئێران (İSNA)، سومەییە رافیعی، سەرۆكی لیژنەی ژینگە لە پەرلەمانی ئێران،رەخنەی لە پێشنیازەكەی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی وڵاتەكەی بۆ كەم كردنەوەی ستانداردی ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردەی ئێران دەكرێن، گرت و باسی لەو زیانانە كرد كە بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە بەر هاووڵاتییان كەوتوون.
رافیعی، ئاماژەی بەوەشدا كە قبوڵ كردنی پێشنیازەكەی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران، پێچەوانەی یاسای هەوای خاوێنە، باسی لەوەش كرد كە خەرجییەكانی پیسبوونی هەوا لەسەر بوودجەی وڵات، زیاترە لەوەی بیریلێدەكرێتەوە و گوتیشی: بەگوێرەی راپۆرتی بانكی جیهانی، لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 41 هەزار و 700 كەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیانیان لەدەستداوە.
ناوبراو، ئەوەشی خستەڕوو كە گوژمەی زیانەكانی پیسبوونی هەوا ساڵانە لە نێوان حەوت بۆ 11 ملیار دۆلاردایە، هەروەها لە تارانی پایتەخت، ئاستی ئەو كێشە تەندروستییانەی بەهۆی پیسبوونی هەواوە دروست دەبن دوو هێندەی ساڵی پار زیادی كردووە.
گوتیشی: بەداخەوە ئەمساڵ دانیشتوانی تاران تەنها دوو رۆژ، دانیشتوانی شارەكانی ئەسفەهان، كەرەج، ئەهواز و ئەراك تەنها یەك رۆژ هەوای پاكیان هەڵمژیوە.
لە ساڵی رابردوودا نزیكەی 42 هەزار كەس لە ئێران بەهۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەستداوە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.