Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 19:46

له‌سه‌ر دۆسییه‌ گیانله‌ده‌ستدانی فه‌رمانبه‌ره‌ كورده‌كه‌ی كه‌ركووك.. مه‌فره‌زه‌یه‌ك به‌ته‌واوی ده‌ستگیركران

کوردستان TV
100%

به‌هۆی دۆسییه‌ی گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ كورده‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان لقی كه‌ركووك، ته‌واوی ئه‌ندامانی مه‌فره‌زه‌یه‌كی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ده‌ستگیر كران.

هه‌ڵۆ جه‌باری په‌یامنێری (كوردستان تیڤی) پێی ڕاگه‌یاندین: له‌سه‌ر دۆسییه‌ی گیانله‌ده‌ستدانی فه‌رمانبه‌ری كورد عه‌بدولقادر سه‌باح، سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م ته‌واوی ئه‌و مه‌فره‌زه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركران كه‌ پێشتر ناوبراویان ده‌ستگیر كردبوو.

دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو هێزێكی ئاسایشی نیشتمانی عێراق له‌ شاری كه‌ركووك هه‌ڵده‌كوتنه‌‌ سه‌ر ماڵی عه‌بدولقادر سه‌باح ته‌مه‌ن 46 ساڵ و فه‌رمانبه‌ر له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان لقی كه‌ركووك و ده‌ستگیری ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م و دوای تێپه‌ربوونی چه‌ند كاتژمێرێك به‌سه‌ر ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی، خانه‌واده‌ی فه‌رمانبه‌ره‌ كورده‌كه‌ ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ناوبراو گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و بێن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی.

په‌یامنێری كوردستان تیڤی ڕایگه‌یاند: سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق په‌یوه‌ندی به‌ د. شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردووه‌ و دڵنیایی پێداوه‌ كه‌ لێكۆڵنه‌وه‌ی ورد له‌سه‌ر دۆسییه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

ڕاشیگه‌یاند: سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی پێشی گوتووه‌ كه‌ ته‌واوی ئه‌و مه‌فره‌زه‌یان ده‌ستبه‌سه‌ركردووه‌ كه‌ پێشتر هه‌ڵیانكوتابووه‌ سه‌ر ماڵی عه‌بدولقادر سه‌باح و ده‌ستگیریان كردبوو.

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ كه‌ ئێستا شاندێكی باڵای ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی به‌ڕێگاوه‌ن بۆ شاری كه‌ركووك تا لێكۆڵنه‌وه‌ له‌ هۆكاری ڕووداوه‌كه‌ بكه‌ن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م د. شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی له‌ هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ كورده‌ی شاری كه‌ركووك كردبوو.

د. شاخه‌وان عه‌بدوڵا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی به‌په‌له‌دا ڕایگه‌یاندبوو كه‌ ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلەیان کردووه‌ لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدانی (عەبدولقادر سەباح) فەرمانبەری کوردی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لقی کەرکووك كه‌ دوێنێ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانییەوە لە پارێزگای کەرکووک دەستگیر کرابوو.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هه‌روه‌ها هاتبوو‌:  د. شاخه‌وان داواشی لە فەرماندەیی گشتی کردووه‌ دەستوەردانی دەستبەجێ بکات و دادگایی ئەوانە بکرێت کە بوونەتە هۆكاری گیانلەدەستدانی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ و بە زووترین کات ڕاپێچی دادگا بکرێن بۆ ئەوەی سزای خۆیان بەپێی یاسا وەربگرن.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.