Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 20:03

حكوومه‌تی عێراق دڵنیایی ده‌داته‌ هاووڵاتییان: به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار كاتییه‌

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م حكوومه‌تی عێراق جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دینار كاتییه‌ و دوای تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دۆخی ئاسایی‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ دۆخی دارایی عێراق ئێستا له‌ باشترین ئاستدایه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی نووسینگه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكی حكوومه‌تدا هاتووه‌: حكوومه‌ت پابه‌ندبوونی خۆی بۆ پاراستنی سه‌قامگیری بازاڕی ناوخۆیی دووپات ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ پاڵپشتی سه‌قامگیری نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دیناری عێراق ئه‌نجام ده‌درێت، له‌م ڕووه‌یه‌شه‌وه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پاڵپشتی هه‌نگاوه‌كانی بانكی ناوه‌ندی ده‌كه‌ین.

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی ئێستای نرخی دۆلار، رایگه‌یاند: به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و به‌های دۆلار به‌هۆی ئه‌و میكانیزمه‌یه‌ كه‌ بانكی ناوه‌ندی ده‌ری كردووه‌ له‌ فرۆشتنی دراوی بیانیدا، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی كاتییه و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتی داهاتوودا چاره‌سه‌ر ده‌بێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دۆخی ئاسایی پێشووتر.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: هاووڵاتییان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ دۆخی دارایی دراوی بیانی له‌ بانكی ناوه‌ندی زۆر باشه‌ و ئێستا عێراق له‌ باشترین دۆخی خۆیدایه‌.

حكوومه‌ت داواشی له‌ سه‌رجه‌م بریكار و وه‌به‌رهێنه‌ران و بازرگانه‌كان كرد هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ بانكی ناوه‌ندیی عێراق بكه‌ن و مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كانیان به‌گوێره‌ی ڕێكاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن تا مافه‌كانیان پارێزراو بێت.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.