Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 03:27

حکوومەت بەڵێنەکەی بەجێهێنا؛ کارکردن لە پڕۆژەی 8ـی حەسارۆک بەردەوامە

کوردستان TV
100%

پڕۆژەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكی مەریوان هەشتی حەسارۆک، لەگەڵ گەیاندنی تۆڕی ئاوەڕۆ و بڕگەكانی شەقام و ئەنجامدانی جووت شەقامی 60 مەتری، بەپانتایی 15.5 مەتر و بەدرێژایی 2 هەزار و 870 مەتر بۆ هەر لایەک، گشت بڕگەكانی تێكەڵەڕێژكردن و دانانی بەردی شكاو و فەرشكردنی چینی ستابلایزەر بۆ شەقامەكە، لەگەڵ بەستنەوەی بە شەقامە لاوەكییەكانی دەوروبەری لەقۆناغی كاركردندایە.

بڕگەكانی پێكهاتنی پڕۆژەكەش پێكهاتوون لە، دروستكردنی ئاوەڕۆی سندوقیی 3×3 بەدڕێژایی هەزار و 136 مەتر، لەگەڵ دانانی ئاوەڕۆی سندوقی 2×2 بەدڕێژایی 760 مەتر.

عەبدولستار محەمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە لە دوو بەشی سەرەكی پێكدێت، بەشی ئاوەڕۆ لەگەڵ بەشی دروستكردنی شەقام، بەشی ئاوەڕۆ لە 100% ئیشەكانی تەواو بووە و بەشی شەقامەكانیش لە 80% تەواو بووە و ئیستا لە قۆناغی قیڕتاوكردندایە.

لەبارەی كاری ئاوەڕۆ لە پڕۆژەكەدا، ڕاشیگەیاند: 3 هەزار و حەوت مەتر ئاوەڕۆمان هەیە، نزیكەی هەزار و 200 مەتر ئاوەڕۆی لوولەیی و 2 هەزار و چوار مەتر ئاوەڕۆی سندوقیە و ئەگەر بۆماوەی 15 ڕۆژی داهاتوو باران نەبارێت ئەوا بێگومان ئەو پڕۆژەیە تەواو دەبێت، بەڵام لە ئەگەری بارینی باراندا بەپێی ڕێژەی بارانبارینەكە وەستاوە، چەند باران دەبارێت و چەندی دەبێتە قوڕ، هەرچەندە ئێمە لەو قۆناغە نەماوین كێشەی قورمان بۆ دروست بێت، بەڵام لەكاتی باران باریندا قیڕتاوكردن زەحمەتە.

سەبارەت بە كاتی بەكارهێنانی شەقامەكە و کاریگەری لەسەر ئاسانكاریی بۆ هاووڵاتیيان، عەبدولستار محەمەد، ئاماژەی بەوە دا، لەدوای تەواوبوونی كارەكانی پڕۆژەكە، خەڵک دەتوانن بەكاری بێنن، كە ئەو ڕێگەیە جووتسایدی لاوان بە 5ـی حەسارۆک دەگەیێنێت، ئەوكاتە دەتوانرێت لە جووت سایدی لاوان خەڵك بچێت بۆ 5ـی حەسارۆک، ئەوەشی خستەڕوو، كە ڕۆژانە زیاتر لە 300 کرێکار ئیش دەكەن و نزیكەی 70 ئامێر كار لە پرۆژەكەدا دەكەن، وە تەنیا لەو شەقامەدا بەگشتیی كارەكان بەباشی دەروات، چونكە ئاوەدانی لێ نییە و ئەمەش كارئاسانی كردووە بۆ بەڕێوەچوونی كارەكان.

ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە ئەوەشی ئاشكراكرد، كە هەردوو شەقامی 60 م و شەقامی 40 م، لەبەرنامەی حكومەتدایە دەست بەكارەكانیان بكرێت لە قۆناغی دوای ئەم پرۆژەیە، كە شەقامی 60 مەتری و شەقامی كەسنەزان بە شەقامی بنەسڵاوە دەبەستێتەوە.

لەبارەی گەیاندنی خزمەتگوزاری كارەبا بۆ گەڕەكی مەریوان (8 حەسارۆك)، لەگەڵ گەیاندنی تۆڕی ئاوەڕۆ بۆ ئەو گەڕەكە، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە جەختی كردەوە، بیر لێدان لە چواردەورە بۆ ئاو لێدراوە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە بیری تریش لێبدەن، هاوكات بەرێوەبەرایەتی كارەباش لە بەرنامەی دایە كارەبا بۆ شەقامە سەرەكیەكان دابین بكات، بۆ نموونە ئێستا ئەم شەقامی 60 مەتری كارەبای هەیە و بریارە لەكاتی دەستكردن بە شەقامەكەی تریش بەهەمان شێوە كارەبای بۆ دابین بكرێت.

ئەو پڕۆژەیە گوژمەی 7 ملیار و 499 ملیۆن و 326 هەزارو 13 دیناری عیراقی بۆتەرخان كراوە، لەگەڵ دانانی ئاوەڕۆی لوولەیی(40+60+75+125) سم، كە زیاتر لە 3 هەزار و 667 مەتری لێ ئەنجامدراوە، جۆری بودجەی پڕۆژەكەش داهاتی 100% فرۆشتنی زەویەكانی بازرگانی (8 حەسارۆكە) و ماوەی پڕۆژەكەش 110 ڕۆژە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.