Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 01:28

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان: ئاڵای كوردستان مایه‌ى شانازیى هه‌موو كوردێك و کوردستانییه‌کە‌

کوردستان TV
100%


سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌بۆنه‌ی رۆژی ئاڵای كوردستانه‌وه‌ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان:
په‌یامی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ڕۆژى ئاڵاى كوردستان

گه‌لى كورد وه‌ك هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی جیهان له‌ مێژووى خۆیدا چه‌ندین سه‌روه‌رى و داستانى هه‌ن كه‌ دواجار بوونه‌ته‌ مایه‌ى ئیلهام به‌خشین به‌ هونه‌رمه‌ندان و داهێنه‌رانى بۆئه‌وه‌ی بیكه‌ن به‌ هێما و نیشانه‌ و نه‌خشاندنى ئاڵاكه‌یان، به‌جۆرێك كه‌ تێیدا سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانى مێژوو و به‌ها پیرۆزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى ڕه‌نگبداته‌وه‌. گه‌لى كوردیش وه‌ك هه‌ر میلله‌تێكى دیكه‌ خاوه‌نى سه‌دان داستان و شۆڕشى گه‌وره‌یه‌ له‌ مێژوودا و له‌ هه‌ر قۆناغێكى شۆڕشه‌كانیشیدا خاوه‌نى ئاڵاى خۆى بووه‌، ئاڵایه‌ك كه‌ هه‌موو ڕه‌نگه‌كانى پێناسه‌ن بۆ شۆڕش و ئاشتى و ژینگه‌ و ژیان.
ئاڵای كوردستان مایه‌ى شانازیى هه‌موو كوردێك و کوردستانییه‌کە‌، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ سه‌رده‌مى كۆمارى مه‌هاباد له‌ ڕێوڕه‌سمێكى شكۆداردا به‌ ئاماده‌بوونى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌د له‌ شارى مه‌هاباد هه‌ڵكرا، كه‌ به‌ داخێكى زۆره‌وه‌ هێنده‌ی نه‌خایاند به‌هۆى پیلانى داگیركه‌رانى كوردستان دواجار ئه‌زموونى یه‌كه‌م كۆمارى كوردستان له‌بار برا.
به‌ درێژایی مێژوو مرۆڤى كورد خه‌ون و ئاواتى گه‌وره‌ى ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئاڵاى كوردستان به‌سه‌ر سه‌رى و خاكه‌ پیرۆزه‌كه‌یدا بشه‌كێته‌وه‌، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و هیوا و ئاواته‌شى له‌ دواى ڕاپه‌ڕینى ئازارى ١٩٩١، دواى نیوسه‌ده‌ بۆ جارێكى تر له‌ خه‌ونه‌وه‌ بووه‌وه‌ به‌ ڕاستی و له‌پێناو به‌ ڕه‌سمى ناساندنى ئه‌و ئاڵا پیرۆزه‌ له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمى و هه‌روه‌ها ناوخۆیشدا، په‌رله‌مانى كوردستان له‌ دانیشتنی ڕۆژی ١٩٩٩/١١/١١، یاسای ژماره‌ (٤)، یاسای ئاڵای هه‌رێمی كوردستانی عێراقی ده‌رچوواندا، هه‌روه‌ها له‌ دانیشتنی ڕۆژی ٢٠٠٤/٦/١٩، به‌ بڕیارى ژماره‌ (٤٨)، ڕۆژى ١٧ى كانوونى یه‌كه‌مى هه‌موو ساڵێكى به‌ ڕۆژى ئاڵاى كوردستان و ڕۆژی دایك ناساند.
لایه‌نێكى دیكه‌ی ئه‌و بۆنه‌یه‌ و جوانییه‌كى ترى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ڕۆژى (دایك)، بۆ ئێمه‌ى كورد ئه‌و مێژووه‌ ڕه‌هه‌ندێكى قووڵتر و زیاتر له‌ واتایه‌ك ده‌به‌خشێت، چونكه‌ گه‌لێكجار مرۆڤ وابه‌سته‌یی خۆى به‌ خاك و نیشتمان و ئاڵا سه‌ركه‌شه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ په‌یوه‌ندیى نێوان خۆى و دایكى ده‌چووێنێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر تاكێكى سه‌ر ئه‌و گۆى زه‌وییه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ یه‌ك واتا و یه‌ك پیرۆزیى هه‌بێت، بۆ ئێمه‌ى كوردستانییان دووجار پیرۆزه‌، كه‌ جارێكیان بۆ خۆشه‌ویستیى دایكه‌ و ئه‌ویتریش بۆ پیرۆزكردنى ڕۆژى ئاڵاى كوردستانه‌.
پیرۆزە لە گشت خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکانییەوە.
سه‌رفرازى بۆ گه‌لى كوردستان، هه‌ر به‌رز و شه‌كاوه‌ بێت ئاڵاى پیرۆزى كوردستان.
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان
١٧ى كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٢

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.