وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پلانەکانی دبلۆما باڵا، ماستەر و دکتۆرا تاوتوێ دەکات و لیژنەیەکی تایبەتیش رادەستپێردرێت بۆ چەسپاندنى بنەماکانى دادپەروەرى و یەکسانى و شەفافەیەت تێیدا .
لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو، پلانەکانى دبلۆما باڵا، ماستەر و دکتۆرا تاوتوێ کران و وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی هەریەک لە بریکارى وەزارەت، ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى ڕاسپارد بەو پەڕى لێپرسراویەتىیەوە کار بکەن بۆ چەسپاندنى بنەماکانى دادپەروەرى و یەکسانى و شەفافەیەت و بێ لایەنى لە پرۆسەکەدا، بەشێوەیەک بتوانین باشترین دەرفەت بۆ کوڕان و کچانى هەرێمی کوردستان بڕەخسێنین بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئاماژەی بەوەدا کە پلان و کارنامەى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەیە، زانکۆکان خۆیان بۆ پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان ئامادە بکەن و هەوڵ بدەن کاروانى پێشکەوتن و پێشخستنى ئاستى زانکۆکانى کوردستان لەسەر نەخشەى ئەکادیمى جیهانى باشتر بەدەر بخەن.
لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا پێداچونەوە بکرێت بە پلانى هەریەک لە زانکۆکان و دامودەزگاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ستافى ئەکادیمى هەریەک لە زانکۆکان بۆ کردنەوەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا، هەروەک جەختیش کرایەوە پێویستە ئەو پرۆپۆزەڵانەى بۆ خوێندنى باڵا پێشکەش دەکرێت ئەولەویەت بدرێت بە کێشە و گرفتەکانى کە ئەمرۆ لە واقعى کۆمەڵگە و سێکتەرە جیاوازەکاندا هەستى پێدەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.