سوپای كۆریای باشوور ئەمرۆ یەكشەممە ڕایگەیاند كە پیۆنگ یانگ "مووشەكێكی بالیستیكی نەناسراو"ی هەڵداوە، ئەمەش چەند ڕۆژێك دوای ئەوەی كۆریای باكوور ڕایگەیاند كە بە سەركەوتوویی بزوێنەرێكی بۆ سیستەمێكی نوێی چەكی سووتەمەنی ڕەق تاقیكردۆتەوە.
سەرۆك ئەركانی هاوبەشی سوپای كۆریای باشوور ڕایگەیاند، كۆریای باكور مووشەكێكی بالیستیكی دیارینەكراوی بەرەو دەریای ڕۆژهەڵات" یان دەریای ژاپۆن وەك ئەوەی پێی دەوترێت هەڵداوە.
هەڵدانی مووشەكەكە لە پیۆنگیانگەوە دوای ڕۆژێك دێت لە پەسەندكردنی پێداچوونەوەی ڕیشەیی بە سیاسەتی بەرگریی حكومەتی ژاپۆن و بودجەی ساڵانەی بەرگرییەكەی دوو هێندە كرد و سەركردایەتی سەربازییەكەی یەكخست و مەودای مووشەكەكانی بەرزكردەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی كۆریای باكوور KCNA رۆژی هەینی بڵاویكردەوە، كۆریای باكوور بزوێنەری سووتەمەنی ڕەقی پاڵنەری بەهێزی تاقیكردبووەوە بە ئامانجی پەرەپێدانی چەكێكی نوێ.
تاقیكردنەوەكە بە سەرپەرشتی كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكوور ئەنجامدراوە و گەرەنتییەكی زانستی و تەكنەلۆژی بۆ پەرەپێدانی جۆرێكی نوێی چەكی ستراتیژی دابینكردووە.
سەرەڕای ئەو سزا نێودەوڵەتیانەی كە بەسەریدا سەپێنراوە، پیۆنگ یانگ بەردەوامە لە بەرزكردنەوەی جبەخانەی سەربازی خۆی، بە تایبەتی مووشەكی بالیستیكی نێوان كیشوەرەكان.
هەموو ئەم چەكانە تا ئێستا بە سووتەمەنی شل كاردەكەن، بەڵام كیم جۆنگ ئون بزوێنەری سووتەمەنی ڕەقی كردۆتە ئەولەویەتێكی ستراتیژی لە پێناو بەرهەمهێنانی مووشەكی پێشكەوتووتر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.