Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 09:21

راهێنەری ئەرجەنتین: خوازیارین جامەكە بەرینەوە

ئەمە یاری نێوان ئەرجەنتین و فەڕەنسایە، نەك هی میسی و مباپێ
کوردستان TV
100%

لیۆنێل سكالۆنی ،راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، رایگەیاند، پلانی یارییەكەیان روون و ئاشكرایە بەرامبەر فەڕەنسا و دەیانەوێت جامەكە بەرنەوە.
لیۆنێل سكالۆنی بەر لە یاریی كۆتایی بەرامبەر فەڕەنسا لە مۆندیالی 2022ی قەتەر، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
سكالۆنی ئاماژەی بەوەدا توانیویانە بەدرێژایی مۆندیال هاندەرەكانیان دڵخۆش بكەن و رایگەیاند: هیوادارم بتوانین جامەكە بەدەستبهێنین، ئەوەش شتێكی نایاب دەبێت. ئێمە دەزانین چۆن بەرامبەر فەڕەنسا یاری بكەین، پلانێكی روونی یاری كردنمان هەیە. باوەڕم وایە باشترین هاندەرانی جیهانمان هەیە. ئەوان پێویستیان بە خۆشی بوو و ئێمەش پێمان بەخشین. 
راهێنەری ئەرجەنتین جەختی لەوە كردەوە، هەردوو هەڵبژاردە ژمارەیەكی زۆر یاریزانیان هەیە كە دەتوانن كاریگەرییان لەسەر ئەنجامی یارییەكە هەبێت و رایگەیاند: ئەمە یاری نێوان ئەرجەنتین و فەڕەنسایە، نەك هی میسی و مباپێ، هیوادارین یارییەكە لە بەرژەوەندی ئێمە كۆتایی بێت.
لیۆنێل سكالۆنی كە لە مانگی ئابی 2018دا دەستی بە راهێنەرایەتی ئەرجەنتین كردووە، لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەو ماوەیەی لەو ئەركەدا دەمێنێتەوە، گوتی: پێشتر گوتوومە، من لە پێگەیەكدام هەموو ئەرجەنتینییەك پێی خۆشە تیایدا بێت. زۆر دڵخۆشم و چێژ لەو ساتە ناوازانە وەردەگرم كە هەمانبووین لە لێواری یارییەكی كۆتایی مۆندیالداین.
سكالۆنی لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی بە چ شێوازێك مباپێ رادەگرن، رایگەیاند: ئەمە كاری هەرەوەزییە و تەنها بۆ مباپێ نییە، فەڕەنسا خاوەنی ئەو هەڵبژاردەیەیە، كە مباپێی پەروەردە كردووە و باشتری كردووە، ئەو یەكێكە لە یاریزانە ناوازەكان، گەنجە و بەردەوام باشتر دەبێت.
سەبارەت بە پرسی بەشداریی میسی لە دوایین مۆندیالدا لەگەڵ ئەرجەنتین، راهێنەرەكە گوتی: ئەگەر ئەمە دوایین یاری میسی بێت لەگەڵ ئەرجەنتین، هیوادارین بتوانین جامەكە بەدەست بهێنین. هیچ سیناریۆیەكی جوانتر لە یاری كۆتایی مۆندیال بۆ ئەوەی چێژی لێ وەربگرین، بوونی نییە.
 

وه‌رزش

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.