Erbil 38°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 03:05

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر دەكات

کوردستان TV
100%


ڕۆژی یەكشەممە 18ی كانوونی یەكەمی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز نی ڕووچی كونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر كرد كە بە بۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی و ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانیی كردبوو.

لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی چین پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی جەنابی بارزانیی نەمر و سەركردەی مەزنی چین ماو تسێ دونگ لە بنیاتنانی بناخەی پەیوەندییە مێژوویەكانی نێوان گەلی چین و گەلی كوردستان لە سەددەی بیستەم، هیوای ئەوەشی خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە قۆناغی داهاتوودا لە بواری جیاجیا پەرەی زیاتر بستێنن.

لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا كونسوڵی گشتیی چین سەرۆك بارزانیی لە هەوڵ و ئامانجەكانی كۆمپانیا چینیەكان بۆ سەرمایەگوزاری لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئاگادار كردەوە. 
هەروەها باسیشی لە كردنەوەی بەشی زمانی كوردی لە زانكۆیەكی پەكین كرد وەك هەوڵێك بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و گەلی كوردستان.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی كونسوڵی گشتیی چینی كرد كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵی زۆری بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی چین داوە و جەختیشی لە بایەخی فراوانبوونی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی چین كردەوە. هەروەها سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە كردنەوەی بەشی زمانی كوردی لە زانكۆیەكی شاری پەكین كرد و بە هەنگاوێكی گرنگ و مێژوویی لە قەڵەم دا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.