Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 03:00

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ: ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە لە ئێران شه‌هید بوون بۆ 469 کەس بەرزبووەتەوە

کوردستان TV
100%


رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران (IHR)، کە ناوەندەکەی لە نەرویج-ـە، رایگەیاند ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکان شه‌هید بوون بۆ 469 کەس بەرزبووەتەوە.
لەو راپۆرتەی کە لە ماڵپەڕی رێکخراوەکەوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە 32یان ئافره‌تن و 63 کەسیشیان تەمەنیان لەخوار 18 ساڵییەوەیە.
لە راپۆرتەکە، کە لە کۆی 31 پارێزگای وڵاتەکە ئاماری 25 پارێزگای لەخۆگرتووە زۆرترین گیان لەدەستدان لە پارێزگای سیستان-بەلوچیستان روویداوە کە زۆرینەی سوننی مەزهەب تێیدا دەژێت.
لە راپۆرتەکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو کە لە پارێزگای سیستان-بەلوچیستان 130، لە کوردستان 53، لە ئازەربایجانی خۆرئاوا 54، لە تاران 50، لە مازەندەران 38، لە کرمانشان 25، لە گەیلان 26، لە ئەلبۆرز 20، لە ئەسفەهان 14، لە خوزیستان 10، لە فارس 11، لە رەزەوی خۆراسان حەوت، لە ئازەربایجانی خۆرهەڵات چوار، سێ خۆپیشاندەر لەهەر لە شارەکانی لۆریستان، زینجان، مەرکەزی، قەزوین و هەمەدان، دوو خۆپیشاندەر لە هەر یەک لە شارەکانی کۆهگویلی-بویەر ئەحمەد، ئەردەبیل، ئیلام، بەشەهیر و هورزگان و یەک خۆپیشاندەریش لە هەر یەک لە شارەکانی سیمنان و گولیستان شه‌هیدبوون.
- خۆپیشاندانەکانی ئێران
لە ئێران، تاکو ئێستا پەیوەست بەو خۆپیشاندانەی کە لە دوای شه‌هیدبوونی مەهسا ئەمینی دەستی پێکرد و نزیکەی سێ مانگە بەردەوامە حوکمی لە سێدارەدان بۆ 25 کەس دەرچووە. لەو کەسانە موحسین شیکاری-ی تەمەن 23 ساڵان لە 8ی کانوونی یەکەم و مەجید رەزا راهنەڤەردی لە 12ی کانوونی یەکەم جێبەجێ کرا.
هاوکات، ناڕەزایەتییەکان لە دژی بڕیاری لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەرزبووەتەوە.
نەتەوەیەکگرتووەکان-یش لە 9ی کانوونی یەکەم سەرکۆنەی لەسێدارەدانی شیکاری-ی کردبوو.
لەو خۆپیشاندانانەی کە لە سەرانسەری وڵاتەکە بڵاو بووەتەوە، سەدان کەس شه‌هیدبوون و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.