دواى بڕیارى سەرۆکى حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت و نەهێڵانى گرفتی نیشتەجێبوون، دوو مانگ مۆڵەت درا بە خاوەنى زەوییە سندووقیەکان بۆ پێشکەشکردنى داواکارییەکانیان.
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند: دواى ئەوەى لەلایەن مەسرور بارزانى، سەرۆكی حکوومهتی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان، دوا بەدوای کۆبوونەوەی ڕۆژی 2022.12.12، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ دانانى میکانیزمێکى تایبەت بۆ جێبەجێکردنى ئەم بڕیارە و چۆنیەتى گرتنەبەرى ڕێکارەکانى پێشکەشکردنى داواکارى هاووڵاتییان، لەگەڵ سەرجەم قائیمقامەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان ئەنجام درا.
ڕاشیگەیاند: لەکۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆ لە بارەى چۆنیەتى چارەسەرکردن و دەستنیشانکردنى میکانزمێک بۆ چارەسەرکردنى گرفتی زەوییەکانی ناسراو بە زەوی سندووقی، کە چەپ و ڕاستیان بەشێوەی زێدەڕۆ کراوەتە خانوو، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێگە نەدرابوو ئەو پارچە زەویانە بکرێنە خانوو، تیشک خرایە سەر چۆنیەتى دەستکردن بەڕێکارەکانى چارەسەرکردنى ئەم زەوییانە، بۆ ئەومەبەستەش کۆبوونەوە بڕیاری دا:-
سەرجەم ئەو هاوڵاتییانەى کە خاوەنى زەوی سندووقین، لە ڕێکەوتی 2022.12.12 تاوەکو 2023.2.12، بۆ ماوەى دوو مانگ مۆڵەتیان بدرێت بۆ پێشکەشکردنى داوکارییەکانیان بە قائیمقامیەتى سنوورەکەیان بۆ دروستکردنى خانوو و تاپۆکردنى زەوییەکانیان.
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە ماوەی چەندین ساڵە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەتی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر و شارەوانییەکانی هەولێر داوای چارەسەرکردنی گرفتی زەوییەکانی ناسراو بە زەوی سندووقی دەکەن، هەر بۆیە لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت و نەهێڵانى گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتى ئەو زەوییانە، مهسرور بارزانی، سەرۆكى حکوومەتى هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا بەپێی یاسا و دوای گرتنەبەری رێكارەكان، چارەسەرى گرفتی ئەو زەویانە بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.