Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 07:20

سیستانی: پێویستە کار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئافرەتە تورکمان و ئێزیدیانەی وەک دیل لەدەست داعش ماون

کوردستان TV
100%

مەرجەعی باڵای شیعە لە نەجەف لە میانی پێشوازیکردنی لە سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق جەختی کردەوە کە پێویستە کار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئافرەتە تورکمان و ئێزیدیانەی وەک دیل لەدەست داعش ماون.

عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە نەجەف ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی 12ـی 2022  پێشوازی لە کریستیان ڕیچارد سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق کرد.

نووسینگەی سیستانی ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا ڕیچارد ڕوونکردنەوەیەکی کورتی سەبارەت بەو هەنگاوانەی تیمی لێکۆڵینەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی لەدوای دامەزراندنییەوە دا.

ڕاشیگەیاند: سیستانی باسی لەو سەرکەوتنە مەزنەی عێراقییەکان کرد کە لە خەباتی گەورەی خۆیان بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکەیان لە باندە تیرۆریستییەکانی داعش بەدەستهێنا.

سیستانی جەختی کردەوە کە ئەگەر ئەم سەرکەوتنە یەکلاکەرەوەیە نەبووایە، نەدەکرا بەدوای توخمەکانی داعشدا بگەڕێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکەن لەبەرامبەر تاوانەکانیان.

مەرجەعی باڵای شیعە لە نەجەف ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە کار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئافرەتە تورکمان و ئێزیدیانەی وەک دیل لەدەست داعش ماون.  

لەبەرامبەردا کریستیان ڕیچارد باسی لەوە کرد کە ناتوانن ئەو کۆمەڵگەیانە لەبیر بکەن کە بەهۆی تاوانە تیرۆریستییەکانی داعشەوە ئازاریان چەشت. دووپاتیشی کردەوە کە تیرۆریستانی داعش هەوڵیان دا کەلتووری عێراقی و فرەچەشنی کۆمەڵایەتی لەناوببەن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.