وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سوود لە ئەزموونی ئاوەڕۆی یابان بە هاوكاریی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی وەردەگرێت و دەیەوێت لەو ڕێگەوەیە ئاوی قورسی پارێزگای هەولێر چارەسەر بكات.
بۆ ئەو مەبەستە ساسان عەونى، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەردانی بارەگای سەرەکیی ئاژانسی هاوکاریی نێودەوڵەتیی ژاپۆن (جایکا)ی کردووە و لەلایەن سێیکی ئۆنۆدێرا، جێگری یهکهمی سهرۆکی ئاژانسی جایکا پێشوازی لێ کرا.
هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی ژمارەیەک تەوەری پەیوەست بە پڕۆژەکانی جایکا و هاوکاری و هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و یابان کرد و دووپات لە بەردەوامیی کارکردنی پێکەوەیی و فراوانترکردنی هاوکاری و هەماهەنگییەکان کرایەوە.
شاندەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی سەنتەری چارەسەركردنی ئاوەڕۆی لە تۆكیۆ كرد كە گەورەترین وێستگەی چارەسەركردنی ئاوەڕۆیە لە تۆكیۆی پایتەخت. لە سەنتەری چارەسەركردنی ئاوەڕۆی تۆكیۆش سیمینارێك لەبارەی چۆنیەتیی ڕێكخستنی ئاوەڕۆ پێشكەش كرا و دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە شێوەیەكی مەیدانی بەشەكانی سەنتەرەكەی بەسەركردەوە.
شایەنی باسە ئاژانسی جایکای ژاپۆنی چەندین پڕۆژەی گرنگی ژێرخانی بە هەماهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ كردووە و ئێستاش چەند پڕۆژەیەکی دیكە لە قۆناغی جێبەجێکردندان. لەو چوارچێوەیەدا پڕۆژەی چارەسەركردنی ئاوی قورسی هەولێر جێبەجێ دەكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.