Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 12:13

لەگەڵ نزیك بوونەوەی كۆتایی ئەمساڵ..دیارترین مەترسییە جیهانییەكانی 2023 دەخرێتە روو

کوردستان TV
100%

لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی ئەمساڵ، گۆڤاری "ناشیوناڵ ئینترێست"ی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێكی درێژدا چاودێری 10 مەترسی سەرەكی جیهانی كردووە كە پێشبینی دەكرێت لە ساڵی 2023دا رووبدات، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە شەڕی ئۆكرانیا، ئاسایشی خۆراك، ئێران و چینەوە هەیە.
گۆڤارەكە لە پێشەكی ڕاپۆرتەكەدا ڕایگەیاندووە، ئەم چاودێریكردنە بە پشتبەستن بە ئەزموونی چەندین ساڵەی ئێمە لە پێشبینیكردنی مەترسی و ڕەوتە جیهانییەكان لە ئەنجومەنی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمەریكا، كە ئەركمان پێسپێردرابوو شیكاری و تێگەیشتنی درێژخایەن بە سەركردەكانی ئەمەریكا ببەخشین.
گۆڤارەكە دەڵێت:ئێمە مەترسییە گەورە جیهانییەكانمان لە ساڵی 2023 لە ڕوانگەی ئەمریكاو لە ڕوانگەی جیهانییەوە دەستنیشان كردووە و ئەوانیش بەم شێوەیەن:
شەڕی ئۆكرانیا..
كۆتایی هاتنی شەڕ لە ئۆكرانیا، چۆن و كەی ڕوودەدات، تا ئێستاش بە نهێنی ماوەتەوە، بەڵام زنجیرەیەك قەیرانی فرەیی و پەلەوەری پەیوەست بە وزە، نائاسایشی خۆراك، هەڵاوسان و خاوبوونەوەی ئابووری هەیە.
لەگەڵ هاتنی زستان و خاوبوونەوەی شەڕەكە، بێ گومان پوتین ستراتیژییەتی پەرتبوونی خۆی چڕتر دەكاتەوە، هێرش دەكاتە سەر ژێرخانی وزە و ئاوی ئۆكرانیا، هەوڵدەدات ئۆكرانیا وەك دەوڵەتێكی كارا بتەقێتەوە پێش ئەوەی زیانەكانی ناچاری بكات پلەیەكی دیاریكراو لە شكست قبوڵ بكات.
ئاسایشی خۆراك..
مەترسییەكانی نائاسایشی خۆراك لە زیادبووندایە و بەرنامەی خۆراكی جیهانی تیشكی خستۆتە سەر برسێتی و بەدخۆراكی لە سەرانسەری جیهان وەك ئەمریكای ناوەڕاست، هایتی، باكووری ئەفریقا، غانا، كۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، باشووری سودان، قۆڕنی ئەفریقا، سوریا، یەمەن، پاكستان و ئەفغانستان.
ژمارەی ئەو كەسانەی كە ڕووبەڕووی نائاسایشی توندی خۆراك بوونەتەوە لە ساڵی 2019ەوە لە 135 ملیۆنەوە بۆ 345 ملیۆن كەس بەرزبووەتەوە و شەڕی ئۆكرانیا و گۆڕانی كەشوهەوا و بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی و پێودا بەشدارن لەم كارەدا.
نائارامی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران ..
ڕاپەڕینی بێوێنەی جەماوەری دەتوانێت ببێتە هۆی فرەیی قەیرانەكان و لە ئێستاوە مەترسی ململانێی ئەمریكی یان ئیسرائیل لەگەڵ تاران هەیە، بەتایبەتی كە ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێران كە تەنها چەند مانگێك لەمەوبەر لە لێواری سەركەوتندا بوو، ئێستا بەستراوەتەوە ، ئەگەر نەمردبێت. ئێران بەرهەمهێنانی ئەو یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەی كە پێویستە بۆ بۆمبی ئەتۆمی خێراتر دەكات و تەنیا چەند هەفتەیەك ماوە بۆ ئەوەی بەشی بەرهەمهێنانی بۆمبێكیان هەبێت.
توندبوونەوەی قەیرانی قەرز لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا..
بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریدا لەوەی 54 وڵاتی كەم داهات و مامناوەند كێشەی قەرزی توندیان هەیە.
ئەم وڵاتانە 18%ی دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنن، زیاتر لە 50%ی خەڵك لە هەژارییەكی زۆردا دەژین، لە كۆی 50 وڵاتدا 28 وڵات بە هەرە بەركەوتووی گۆڕانی كەشوهەوا دادەنرێت  و قەیرانی قەرزی درێژخایەن هەیە كە دەرئەنجامە ئابوورییە ترسناكەكانی لێدەكەوێتەوە. وڵاتانی كەم داهات وەك سۆماڵ و زیمبابۆی لە پلەی یەكەمی لیستی وڵاتانی ناڕەحەتی ئابووری لە بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكاندان.
زیادبوونی قەرزی جیهانی..
قەرزی كۆمپانیا ناداراییەكان (88 تریلیۆن دۆلار، نزیكەی 98%ی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی)، قەرزی حكومەتەكان، گروپە گەورەكان و ماڵە یەكگرتووەكان (290 تریلیۆن دۆلار تا چارەكی سێیەمی 2022)، كە هەموو ئەمانە لە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵی ڕابردوودا زیادیان كردووە ، بە پێی ڕاپۆرتی پەیمانگای نێودەوڵەتی دارایی. چەندین قەیران بەشدار بوون لەم كارەدا: بەرزی ڕێژەی سوود، پاشەكشە لە ئەوروپا، لاوازی ئابووری چین و شەڕی ئۆكرانیا.

دابەزینی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان..
تێكچوونی ئاستی هاوكاری نێودەوڵەتی بەشدارە لە زیادبوونی مەترسییە جیهانییەكان، كە بە شێوەیەكی نەرێنی لە فایلەكانی وەك گۆڕانی كەشوهەوا، قەرزەكانی وڵاتانی كەم پێشكەوتوو، و پاشماوەی بۆشایی ئاسمان ڕەنگ دەداتەوە، چونكە كێبڕكێی نێوان زلهێزەكان سەختی بەدەستهێنانی زیاتر دەكات هاوكاری لەسەر كێشە هاوبەشە جیهانییەكان. سیستەمی بازرگانی جیهانی لە دابەزینێكی قووڵدایە، وەك بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی، نگوزی ئۆكۆنجۆ-ئیوێلا لەم دواییانەدا هۆشداریی دا و ڕووخانی سیستەمی جیهانی دەتوانێت مەترسییەكانی هەژاری و ناسیۆنالیزم و ململانێ بەرز بكاتەوە.
هەروەها گۆڤارەكە لە ڕاپۆرتەكەیدا مەترسییەكانی پەیوەست بە توندبوونەوەی شەڕی تەكنەلۆژی چین و ئەمریكای خستووەتەڕوو، بەتایبەتی سەبارەت بە پیشەسازی پرۆسێسەری دیجیتاڵی، قووڵبوونەوەی گرژییەكانی نێوان واشنتۆن و پەكین، جیاوازییە هەبووەكان لەسەر تایوان، یاسا و ستانداردەكانی تەكنەلۆژیا ، بازرگانی، و مافی مرۆڤ، جگە لە توندبوونەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و مەترسییەكانی هەڕەشەكانی تاقیكردنەوە موشەكییەكانی كۆریای باكوور و توانا ئەتۆمییەكانی پیۆنگیانگ.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.