Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 01:29

شاعیران و شەوی یەڵدا 

کوردستان TV
100%

زۆرێك لە شاعیران "شەوی یەڵدا"یان ،لە هۆنراوەكانیان رەنگ داوەتەوە بۆتە هەوێنی شعرەكانیان، وەك زانراوە شەوی یەڵدا، درێژترین شەوی ساڵە  شاعیرانیش هەریەكەو بەشێوەیەك باس لەو شەو دەكەن ، لە هەمان كات دا چەندین گۆرانیبێژ ئەو هۆنراوەكانیان كردوونەتە گۆرانی بەو بۆنەیەوە لێردا هەندێك لەو شیعرانەی شاعیران بۆ ئێوەی خۆشەویست دەخینە روو:
 شاعیری گەورەی كورد نالی  دەڵێت: 
شەوی یەڵـدایە یا دەیجوورە ئەم شەو؟كە دیدەم دوور لە تۆ بێنوورە ئەم شەو
دڵم وەك حاكمی مەعزوولە قــوربان خەڵاتی وەسلی تۆی مەنزوورە ئەم شەو
دڵیش مایل بە دیدەی تۆیــە بۆیــە لە من وەحشی و رەمیدە و دوورە ئەمشەو
كە تۆی شاهی كەج كولاهی دیدەمەستان چ باكم قەیسەر و فەخفوورە ئەمشەو؟
لە خەو هەڵساوە یا ئاڵــوزە چــاوت ؟ هەمیشە وایە یا مەخموورە ئەمشەو؟
سوروشكم نەقشی چاوی تۆ دەكێشێ كە جێم سەردارەكەی مەنسوورە ئەم شەو
موسوڵمانان ! دەپرسن حاڵـــی نالـــی؟ لە كونجی بێكەسی مەهجوورە ئەم شەو
قوبادی جەلیل زادەی شاعیریش لەسەر شەوی یەڵدا دەڵێت:
كە دەستی تۆ بە خوێنم سوورە ئەمشەو
كە كۆشكی دڵ تەواو خاپوورە ئەمشەو
كە فرمێسكم خوڕەی “خابوورە”ئەمشەو
“شەوی یەلدایە یا دەیجوورە ئەمشەو
كە دیدەم دوور لە تۆ، بێ نوورە ئەمشەو؟!”

لە لای خەڵكی هەموو مەجهوولە قوربان
كە ڕۆحمی من لە ئاگر فوولە قوربان
لە شێوەی چۆلەكەی مەفتوولە قوربان
“دڵم وەك حاكمی مەعزووله،‌ قوربان
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە، ئەمشەو”
وەكوو ئەیوب دەمی زامم بەسۆیە
لە سینەمدا سەدای هاوار و ڕۆیە
هەڵۆی عئشقم زەلیلی دەستی تۆیە
“دڵیش مایل بە دیدەی تۆیە،بۆیە
لە من وەحشیی و ڕەمیدە و دوورە ،ئەمشەو”
فیراقت هاتووە، ڕۆحم بكێشێ
پەلی گرتووم وەكوو شێت ڕامدەكێشێ
وەرە فریادڕەسم بە،بێرە پێشێ
“سرووشكم نەقشی چاوی تۆ دەكێشێ
جێگەم ،سەردارەكەی مەنسوورە، ئەمشەو”
لە ئاستی ڕووت دەوەستم دەستەوەستان
دەوا و دەرمانی دەرد و زەخمی خەستان
وەرە با بتخەمە سەرچاو و دەستان

“كە تۆی شای كەچ كولاهی دیدە مەستان
چ باكم قەیسەر و فەغفوورە، ئەمشەو؟!”
ئەسیرم من لە تاڵی بسكی خاوت
دەنۆشم بادەئی ژەهر و زووخات
لەسەر زارم ئەبەد گوم نابێ ناوت
“لەخەو هەڵساوە یا ئاڵۆزە، چاوت
هەمیشە وایه،‌ یا مەخموورە، ئەمشەو”
بەسەر چوو گشت،هەموو عومرم بە تاڵی
بە ڕاكردن بەشوێن دوو چاوی كاڵی
لە خوێن سوور بوو دڵم وەك لێوی ئاڵی
“موسوڵمانان دەپرسن حاڵی نالی
لە كونجی بێكەسیی مەهجوورە، ئەمشەو”
هەروەها شاعیر جەمال شارباژێڕی لەبارەی شەوی یەڵدا دەڵێت"
یەڵدا
شەوی یەلدایە
هەر خۆم دەزانم جێم
لە ناخی هەست و دڵدایە
شەوی یەڵدایە

بەختەكەم، ئەمشەو
وەكوو دوێشەو لە كل دایە
شەوی یەڵدایە
تەنیاییم بە خامۆشی لەگەڵدایە
چی دەبوو ئەمشەو
لەگەڵ ڕوخساری جوانێكدا
شەرابی ئەلەم هەڵدایە
شەوی یەلدایە
چی دەبوو ئێستا
شەق و سیخورمەیەكم لەو
خەم و ئازارە هەڵدایە.
 شاعیر ساڵح بێچار دەڵێت:
 یەڵدا
وتت گیانە:
شەوی یەڵدا چەند تاریك بێت،
كەی دەگاتە پەرچەمی تۆ؟
وتم ڕاستە؛
شەوی یەڵدا چەند درێژ بێت

ناگاتە باڵای خەمی من!
یەڵدا
 شاعیر پشكۆ نەجمەدین دەڵێت:
شەوی یەڵدایە،
بوو،دەبێ.
شەو هەرچی بێ،
بێ نیگای تۆ،
عیشق نابینا و
نەزۆك و
نە تۆ، نە من،
نە هیچ شتێك، لەدایك دەبێ!

هەر وەها موحیب مەهابادی له شێعرێکی تایبەت بە شەوی یەڵدا دەنووسێت:

یـەڵــدایـه شـەوی ئـەووەڵی زسـتـانـه بـەخـێرێ

مـیـوانـی سـەفـای مـەنزڵی دۆسـتـانـه بـەخـێرێ

هات شـەوچەله دەرکـەوتنی خـۆر بۆتـەوە داوای

یـاران وەرن ئـەو کـۆڕه، کە ڕوونـاکـیـیـه هـیوای

پـیـرۆزه لـه ئـەهـلی دڵـی مـەڵـبـەنـدی ئـەهـوورا

ئەوشـەوچـەله بـەزمێکە له سـەرچاوەیی نـوورا

جێی شـادییه جـەژنی شەوی یـەڵـدایه، پەیامی

مـەعنای هەیه، بـۆ مـێـهـره ئەگـەر ماوە دەوامی

بێ غـەم بە کـەچی شـەوچەلە وا دوور و درێـژه

تـۆ شــیــریـنـی کــەم کـردنـی تـاریـکـی بـچـێـژه 


ئا- كامران
 

کولتوور و هونه‌ر هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.