Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 09:07

وەزاره‌تی شارەوانی:  دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی بارزان كرایەوە

کوردستان TV
100%

 دوای ئەوەی ماوەیەك كاركردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی بارزان كە 51 گوندی دەڤەرەكە لێی سوودمەند دەبن وەستابوو، ئێستا دووبارە دەست بە كارەكانی كراوەتەوە و بڕیارە لە ماوەی 615 ڕۆژدا ئەو بەشەی تاكوو ئێستا تەواو نەكراوە، تەواو بكرێت.
پێشتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی بەدواداچوون و دووبارە دەستپێكردنەوەی كارەكانی پڕۆژەكە بە یاوەری ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی پرۆژەكەی لە دەڤەری بارزان كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداریی دەڤەرەكە و ئەندازیارانی پڕۆژەكە و بەرپرسان و لایەنی جێبەجێكاری پڕۆژەكە كۆبووەوە و جەختی لە دووبارە دەستپێكردنەوەی كارەكانی پڕۆژەكە كردەوە.
پرۆژەی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان كە ئێستا دەست بە كارەكانی كراوەتەوە، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بە زیاتر لە 138 ملیار دینار لەسەر بودجەی پلانی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تەواو دەكرێت. پڕۆژەكە لە كاتژمێرێكدا توانای دابینكردنی 1200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی بۆ دانیشتووانی ئەو گوندانەی دەڤەری بارزان هەیە؛ دوای تەواوبوونی، كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوە لەو گوندانە چارەسەر دەكات.


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.