به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند كه به‌مزووانه گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ی سه‌رده‌مییانه‌ی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری له‌سه‌ر ئاستی عێراق به به‌های 81 ملیۆن دۆلار له شاری هه‌ولێر دروست ده‌كرێت.
به‌ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه، شاری هه‌ولێر ده‌بێته خاوه‌ن گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له سه‌ر ئاستی عێراق له بواری كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداریدا كه پێی ده‌گوترێت (cattle slaughter house) كه ته‌نانه‌ت به‌رهه‌مهێنانی خۆراكی ئاژه‌ڵان و سه‌ربڕخانه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت.
له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه، سامان عاره‌ب به‌رێوه‌به‌ری گشتی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر بۆ (كوردستان تیڤی) ڕایگه‌یاند: پرۆژه‌كه نوێیه و له سه‌ر رووبه‌ری 269 دۆنم دروست ده‌كرێت.
ڕاشیگه‌یاند: پڕۆژه‌كه لەلایەن وەبەرھێنەرێکی ناوخۆیی دێته دروستكردن بە سەرمایەی 81 ملیۆن دۆلاری ئەمه‌ریکی و ماوه‌ی دروستكردنه‌كه‌شی 24 مانگی بۆ دیاریكراوه.
سامان عاره‌ب هه‌روه‌ها گوتی: پرۆژه‌كه به شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ی نوێ بنیات ده‌نرێت كه پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کشتوکاڵی و ئاژه‌ڵدارییه و ھەلی کاریش بۆ سه‌دان کەس دەڕەخسێنێت.
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر گوتیشی: پڕۆژه‌كه پێكهاتووه لە بەخێوکردن و فرۆشتن و سەربڕخانەی ئاژەڵان و هه‌روه‌ها کارگەی به‌رهه‌مهێنان و دروستكردنی ئالیک، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ڕووبەرێکی زۆری پڕۆژه‌كه سه‌وزاییه.
ڕاشیگه‌یاند: لایه‌نێكی گرینگی تری پڕۆژه‌كه ئه‌وه‌یه كه له ته‌واوی به‌شه‌كانی پڕۆژه‌كه هیچ پاشه‌ڕۆیه‌ك نابێت، چونكه سوود له ئیسك و پێسته و ته‌نانه‌ت پاشه‌رۆی ئاژه‌ڵانیش وه‌رده‌گیرێت بۆ بابه‌تی په‌ین و ده‌رمانی كشتوكاڵی كه ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكی گرینگ و گه‌وره ده‌بێت بۆ پاكڕاگرتنی ژینگه.
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر جه‌ختیشی كرده‌وه كه ئه‌مه جاری یەکەمە پڕۆژەیەکی گرینگ و گه‌وره‌ی لەو شێوەیە له ته‌واوی عێراق دروست بکرێت کە ته‌واوی پێکھاتەکانی به‌خێوكردن و به‌رهه‌مه‌كانی ئاژەڵ لەخۆ ده‌گرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.