ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەم بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە ڕێورەسمى كریسمس و شەوى سەری ساڵ و ئامادەکارییەکانى ماڵئاواییکردن لە 2022 و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا تەواوى هێزە ئەمنییەكانی هەولێر (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان) لە سەرجەم شوێنە گشتیی و ئەو جێگایانەی كە هاووڵاتییان و گەشتیاران ڕووى تێ دەکەن ئەرکیان بەسەردا دابەش کرا.
لە تەورێکى ترى کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هەولێر، بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشتوگوزارى هەولێر و ئاسایشى بازگەکانى هەولێرى ڕاسپارد، بێجگە لە پلان و بەرنامە و ڕێککارەکانی تایبەت بە خۆیان، لە ئامادەباشى تەواو دابن بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەى گەشتیاران کە ساڵانە بەم بۆنەیەوە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى تر ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن و ئاسانکاریان بۆ بکرێت.
ساڵانە لە هەولێری پایتەخت هاوشێوەی پایتەختە پێشکەوتووەکانی جیهان، دەست دەکرێت بە ئامادەکارییەکان بۆ شەوى سەرى ساڵ و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ و لەلایەن کەرتى تایبەتەوە فێستیڤاڵ و ئاهەنگى فراوان ئەنجام دەدرێت و ژمارەیەکى زۆریش لە گەشتیارانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى تر ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن.
لەهەموو ساڵێکیشدا ئیدارەى خۆجێیى هەولێر، قەڵای مێژوویی هەولێر و باخی شار و زۆربەی شوێنە گشتییەکانی هەولێری پایتەخت دەڕازێنێتەوە کە لە شەواندا ئەو جوانییەی پایتەخت و ئاسایش و ئارامی هەولێر زیاتر خۆیان دەردەخەن و سەرنجی هەر رێبوارێک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.