Erbil 38°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 03:56

له‌ سلێمانی په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان" مه‌زهه‌ری خالقی" لادرا

کوردستان TV
100%


 به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی و د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان مامۆستا "مه‌زهه‌ر خالقی" و مامۆستاو فه‌رمانبه‌رو رۆشنبیری و كه‌سایه‌تی له‌ رێوره‌سمێكدا له‌ كه‌مپی نوێی زانكۆی سلێمانی ، په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان مامۆستا مه‌زهه‌ری خالقی لادرا.
له‌ سه‌ره‌تای رێوره‌سمه‌كه‌شدا له‌لایه‌ن  پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر د. رێبوار سه‌عید راگری كۆلێجی هونه‌ر، وته‌یه‌ك به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پێشكه‌شكرا، كه‌ كورته‌یه‌كی له‌سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی مامۆستا خالقی بۆ ئاماده‌بووان باسكرد، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند" مامۆستا مه‌زهه‌ری خالقی یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ستێره‌ دره‌وشاوه‌كانی ئاسمانی هونه‌رو گۆرانی كوردی كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ خزمه‌ت به‌ هونه‌ری میلله‌ته‌كه‌مان ده‌كات و له‌ ئێستاشدا له‌ رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی ئینستیوتی كه‌له‌پوری كوردییه‌وه‌ توانیوێتی ئه‌رشیفێكی گه‌وره‌ی هونه‌ری هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان كۆبكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆی سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ هونه‌ری میلله‌ته‌كه‌مان و پاراستنێتی له‌ له‌ناوچوون و زیندوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هونه‌رو رۆشنبیرییه‌ گه‌وره‌یه‌ی گه‌له‌كه‌مانه‌، كه‌ جێگه‌ی فه‌خرو شانازییه‌".
هه‌روه‌ها وتی" دروستكردنی ئه‌م په‌یكه‌ره‌ش بۆ مامۆستای گه‌وره‌، بۆ خۆی وه‌ك وه‌فایه‌كه‌ بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ی گه‌له‌كه‌مان، كه‌ ئه‌م په‌یكه‌ره‌ به‌ سوپاسه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی په‌یكه‌رساز هادی زیائه‌دینی-یه‌وه‌ دروستكراوه‌".
پاشان له‌ لایه‌ن د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانییه‌وه‌ وته‌یه‌ك پێشكه‌شكراو رایگه‌یاند" خۆمان به‌ خۆشحاڵ ده‌زانین ئه‌مڕۆ له‌م رێوره‌سمه‌دا په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان لاده‌ده‌ین كه‌ شایه‌نی زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ بۆی بكرێت، چونكه‌ مامۆستا مه‌زهه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌شی ئاسمانی هونه‌ری كوردییه‌و به‌شێكی زۆری ته‌مه‌نی له‌ پێناو خزمه‌تكردنی هونه‌رو ئه‌ده‌ب و وێژه‌ی گه‌له‌كه‌ی سه‌فكردووه‌و له‌ ئێستاشدا به‌رده‌وامه‌ له‌ خزمه‌تكردن به‌ ئه‌رشیفی هونه‌ری گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان".
دواتر وته‌یه‌ك له‌لایه‌ن مامۆستا مه‌زهه‌ری خالقی-یه‌وه‌، پێشكه‌شكراو رایگه‌یاند" له‌ دڵه‌وه‌ سوپاسی زانكۆی سلێمانی و پایته‌ختی رۆشنبیری شاری سلێمانی ده‌كه‌م، كه‌ هه‌رده‌م هاوكارمان بوون، هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌م زانكۆیه‌وه‌ شانازی ئه‌وه‌م پێدرا كه‌ دكتۆرای فه‌خرییان پێبه‌خشیم، له‌ ئێستاشدا خۆم به‌ خۆشحاڵ ده‌زانم كه‌ شاری سلێمانی پایته‌ختی رۆشنبیری ، به‌ دانانی په‌یكه‌رێكی من ئه‌م رێزه‌م لێده‌نێن بۆیه‌ جێگه‌ی خۆشحاڵی و هه‌مان كات سوپاسه‌".
 پاشان له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی و پارێزگاری سلێمانی و مامۆستا مه‌زهه‌ری خالقییه‌وه‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری مامۆستا مه‌زهه‌ر لادرا.
ئا- كامران

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.