Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 21:25

هەڵمەتی چاندنی 25هەزار نەمان لە سلێمانی لە قۆناغی كۆتاییدایە

کوردستان TV
100%


 سەرەرای ئەوەی لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی رێژەی سەوزایی لەهەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی تری سەربە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار زیاترە، بە رەزامەندی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، هەڵمەتێكی نەمامناشتنیان دەستپێكردووە و لەو هەڵمەتەشدا 25 هەزار نەمام دەچێنرێن.
لەمبارەیەوە بەختیار محەمەد، لێپرسراوی باخچەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی رایدەگەیەنێت: "یاداشتێكیان پێشكەشكردبوو بۆ چاندنی نەمام و لەلایەن وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوەوە رەزامەندیی لەسەر دابینكردنی 25هەزار نەمام دراوە، ئەوانیش بەبێ بەرامبەر دابەشیانكردووە بەسەر43 شارەوانیی سنوری پارێزگای سلێمانی، هەروەها بە گوتەی بەختیار محەمەد، هەڵمەتەكە زۆر بەباشی بەڕیوەدەچێت و لە سەرەتای مانگی 12 دەستیپێكردووە و ئێستا لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە.
لێپرسراوی باخچەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی روونیشیكردەوە، نەمامەكانیان لەنەمامگەكانی (دەربەندیخان، دوكان، بانی مەقان، سەرچنار و شازاد سائیب) وەرگرتووە و هەر شارەوانییە و بەشە نەمامی خۆی بۆ گواستراوەتەوە.
لێپرسراوی باخچەكان سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانیی و نەمامگەكانی كرد، كە زۆر هاوكاریان بوون و لەمبارەیەوە گوتی: بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی ساڵانی رابردووش بەبێ بەرامبەر نزیكەی 70 هەزار نەمامیان بۆ دابینكردوون و ئەو هاوكارییەی بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانی ئێمەی گەیاند بەوەی، لەناو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بەوەزارەتی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی رێژەی سەوزایی لە هەموویان زیاتر بێت، كە دەكاتە 19%.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.