قەتەر نیگەرانی و نائومێدی قوڵی خۆی دەربڕی لە بڕیارەكەی حكومەتی تاڵیبان،كە رۆژی سێشەممە، بۆ ڕاگرتنی خوێندنی كچان و ژنان لە زانكۆكانی ئەفغانستان تا ئاگاداركردنەوەی زیاتر.
ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەكدا پشتڕاستی كردەوە كە ئەم كارە نەرێنیانە كاریگەری گەورەیان لەسەر مافەكانی مرۆڤ و گەشەپێدان و ئابووری ئەفغانستان دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، وەك وڵاتێكی موسڵمان كە تێیدا ئافرەتان بەهرەمەندن لە هەموو مافەكانیان بەتایبەتی لە خوێندن، دەوڵەتی قەتەر داوا لە حكومەتی كاتی ئەفغانستان دەكات پێداچوونەوە بە بڕیارەكەیدا بكات كە هاوتەریب لەگەڵ فێركارییەكانی ئایینی ئیسلامی ڕاستەقینە سەبارەت بە مافەكانی ئافرەتان.
لە بەیاننامەكەدا جەخت لەسەر هەڵوێستی قەتەر كراوەتەوە لە پشتیوانیكردنی گەلی ئەفغانستان لە هەموو چین و توێژەكانی ژیان بۆ بەدەستهێنانی هەموو مافەكانیان، لە پێش هەموویانەوە مافی خوێندنە، هەروەها لە بەیاننامەكەدا پابەندبوونی قووڵی قەتەر نوێكردەوە بۆ كاركردن لەگەڵ هاوبەشە ئەفغانی و نێودەوڵەتییەكانی بۆ دڵنیابوون لەوەی كە هەموو گروپەكان خەڵكی ئەفغانستان لە هەموو تەمەنێكدا لە مافی خوێندنیان بەهرەمەندن.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای ئەفغانستان، زیاوڵا ئەلهاشمی، بۆ سی ئێن ئێن پشتڕاست كردەوە كە حكومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان خوێندنی زانكۆی بۆ سەرجەم قوتابخانەكانی كچانی ئەو وڵاتە ڕاگرت.
وەزارەتی پەروەردە نوسراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیارەكە لە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران دراوە، لە نوسراوەكەشدا ئاماژە بەوە كراوە كە فەرمانەكە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.