Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 19:27

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا ئه‌م بابه‌تانه‌ تاوتوێ كران

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەم 21ی دیسێمبەر(کانوونی یەکەم)، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی دوا سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانی حکوومەتی فیدراڵ لە 2022/12/11 سەبارەت بە دۆسییەکانی (بودجە، نەوت و گاز، دەروازە سنوورییەکان، دیوانی چاودێری دارایی)  لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی دیکەی شاندەکە خرایەڕوو.

سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە شاندەکە کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت و کارنامەی وەزاری پەسەندکراو لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دووپات کردەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری حەفتەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ کرد بۆ خەرجکردنی بڕی چوارسەد ملیار دینار وەک شایستەی دارایی هەرێم. هەروەها وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد لە پەیوەندی بەردەوام بێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تا بە زووترین کات ڕێکارەکانی ناردنی پارەکە تەواو بکرێت بۆ ئەوەی بخرێتەوە خزمەتی خەرجییە گشتیەکانی هەرێم. ئەنجوومەنی وەزیران شاندی دانوستانکاریشی ڕاسپارد کە لە دوای پشووەکانی سەری ساڵ، کۆبوونەوەکانیيان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ چڕبکەنەوە بە ئاراستەی بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان هەتا پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند دەکرێت هەروەک لە کارنامەی وەزاریدا هاتووە.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان لە سەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی کە لەلایەن عەبدوڵا مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەت چەندین بڕیاری لە قازانجی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی دا و بڕیاریش درا کە هەوڵەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ چڕبکرێنەوە بۆ ئەوەی بە پێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، حکوومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی قەرەبووی شایستەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی بگرێتە ئەستۆ، کە قوربانی دەستیی ڕژێمەکانی پێشوون و ئەمەش لە دەستووردا وەک ماف و شایستەی هەرێم جێگیرکراوە.

لە بڕگەی سێیەمدا، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە عەبدولڕەحمان سدیق، پلانی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی پاراستن وچاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستانی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریی کەش و هەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق خستەڕوو، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پابەندیی نێو بەڵگەنامە پشکدارییە نیشتیمانییەکان کە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی لە ئامادەکردنیدا هەبووە، بە تایبەتیش لە بوارەکانی کەمئاویی و بەبیابانبوون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی و کەمیی ڕووبەری سەوزایی، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەدرا بە دەرفەتەکانی سوود وەرگرتن لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەزموونی وڵاتان لە سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی وزەی نوێبۆوە وخاوێن و کشتوکاڵیکردنی زیرەک و هەمەچەشنکردنی ئابووری و بایەخدان بە وەبەرهێنانی ژینگەیی و دامەزراندنی ناوچەی پارێزراوی سرشتی (محمية طبيعية) و ڕیسایکلینی ئاوی قورس و پاشەڕۆکان.

سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە دەستە و ئەنجوومەنی پاراستن وچاککردنی ژینگە بۆ پڕۆژە و پلان و هەوڵەکانیان ئاماژەی دا بە مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە سەر ژیانی هاووڵاتییان، و جەختی لە پێویستی گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لەلایەن وەزارەتەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لەوانە دروستکردنی بەنداو و پۆند، زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە  هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوی بە تایبەتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و چەندین ڕێکاری دیکە.

ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیار و ڕاسپاردەکانی دەستە و ئەنجوومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگەی پەسەند کرد، لە ناویشیاندا کاراکردنەوە و گرنگیدان بە ئەنجوومەنی باڵای پاراستن و چاککردنی ژینگە لەهەرێمی کوردستان کە بە یاسای ژمارە 3 ساڵی 2010 پێکهاتووە لە نوێنەری وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەکان کە پێویستە وەزارەتەکان لە ڕێگەی ئەو ئەنجوومەنە باڵایەوە هاوکاری دەستەی ژینگە بن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی دەستەکە لە پاراستن و چاککردنی ژینگە، بە تایبەتیش بابەتی کاریگەرييە زیانبەخشەکانی گۆڕانیی کەشوهەوا کە ئێستا بووەتە خەمێکی جیهانیی و کاریگەریی سیاسیی و گۆڕانکاریی دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینکە ڕاسپێردرا گرنگیی زیاتر بە هاوئاهەنگیرکردن لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی فیدڕاڵ بدات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.