ئۆكرانیا سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی ئەمریكی بەدەست دەهێنێت، ئەمەش هەنگاوێكە كە واشنتۆن دوای ماوەیەك لە ڕەتكردنەوە بە هۆكاری سیاسی و سەربازی پەسەندی كرد.
دوێنێ چوارشەممە، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ئەمریكا هاوكاری سەربازیی زیادە پێشكەش بە ئۆكرانیا دەكات، لەنێویاندا سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت.
بەهای پاكێجی هاوكارییە نوێیەكە دەگاتە یەك ملیار و 85 ملیۆن دۆلار، وەك جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاندووە.
ئەم ڕاگەیاندنەی ئەمریكا لە سەروبەندی سەردانەكەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا بۆ واشنتۆن هات كە یەكەم سەردانە لە دەرەوەی ئۆكرانیا لە دوای دەستپێكردنی لەشكركێشی ڕووسیا لە 24ی شوباتەوە.
ئەمریكا بە شێوەیەكی ئاسایی سیستمی پاتریۆت بە وڵاتانی هاوپەیمان نافرۆشێت و پێشتر واشنتۆن هەڕەشەی ئەوەی كردبوو كە ئەگەر ئەنقەرە سیستەمی بەرگری ڕووسیا بكڕێت، ئەوا ئەو سیستەمە لە توركیا كە ئەندامی ناتۆیە دەكشێنێتەوە.
سیستەمی پاتریۆت لە چەند وڵاتێكی جیهاندا جێگیركراوە، جا لە بنكە ئەمریكییەكان بێت كە لەو وڵاتانەدا جێگیركراون، یان لەو وڵاتانەی كە كڕیویانە یان بەڕێوەیان بردووە، وەك هۆڵەندا، ئەڵمانیا، ژاپۆن، ئیسرائیل، سعودیە، كوەیت، تایوان، یۆنان ، ئیسپانیا، كۆریای باشوور، ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی، قەتەر، ڕۆمانیا، سوید، پۆڵەندا، و بەحرەین.
پاتریۆت سیستەمێكی مووشەكی ڕێنمایی ڕووی ئاسمانییە و بۆ یەكەمجار لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا جێگیركرا و دەتوانێت فڕۆكە و مووشەكی كروز و مووشەكی بالیستیكی كورت مەودا بكاتە ئامانج.
سیستەمی پاتریۆتی ئەمریكی هاوسەنگی شەڕ لە ئۆكرانیا دەگۆڕێت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.