لە بەردەوامی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا چاکسازیی لە چۆنیەتی گەیاندن و ئەنجامدانی گرێبەستەکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە پارێزگای هەولێر کرا و لە پلاندایە لە داهاتووشدا ئەو ستراتیژییە لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.
پڕۆسەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک یەکێکە لە پڕتێچووترین خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان کە ساڵانە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج دەکرێت. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2021یشەوە، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستی بە کارکردن کرد بۆ دانانی ستراتیژییەکی نوێ بۆ ئەم خزمەتگوزارییە بە جۆرێک کە هەم کوالیتی بەرزبکرێتەوە هەم تێچووی ئەم خزمەتگوزارییە کەمبکرێتەوە.
پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی بەڕێوەبردن و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، بەشێکە لە بەرنامەی کاری چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامانجی سەرەکی لەم کارە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر و گونجاوتر و کوالیتیی بەرزترە بە هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی تێچووەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەم ستراتیژییە نوێیەدا، لایەنی دابینکەر ئازاد دەبێت لەوەی چۆن خزمەتگوزارییەکە پێشکەشی بکات، بە مەرجێک رەچاوی بەرزی ئاستی کوالیتی خزمەتگوزارییەکە بکات کە ئەمەش جیاوازە لە ستراتیژییەتی کۆن، کە پێشتر هەموو ئەرک و داواکارییەکان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکە لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە دیاری دەکرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.