Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 10:40

ھۆڕمۆنی دڵخۆشی چییە ؟

کوردستان TV
100%


 ئەو ڕێکارانە چین، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەی ڕێژەی ئەو ھۆرمۆنانەی کەسێک دڵخۆش دەکات ؟ 
لە سەدەی ڕابردوودا  پێشکەوتنی زانست کۆمەلێک دەستکەوتی گەورەی بەدەستھێناو خزمەتێکی گەورەی بە مرۆڤایەتی گەیاند ، بەلام لە ھەمان کاتدا سیستەمی سەرمایەداری و نیولیبرالیزم کۆمەلێک کێشەی لەگەل خۆی ھێنا .جگە لە ھەژاری و نادادپەروەری مرۆڤ وەک ئالەتێکی لێھاتووە .كە ئەمە رێژەی خەمۆکی و دلەراوکێ و نەخۆشیە دەروونیەکانی بە ڕێژەیەکی  بەرچاو بەرزكردۆتەوە وبەردەوام ئەو رێژەیەش لە زیادبووندایە!.
ژمارەیەك ھۆرمۆن و رژێنی کیماوی لە مێشک مرۆڤدا ھەیە، کە کۆمەلێک فەرمانی گرنگ ئەنجام ئەدەن، بۆ نموونە ئیندۆرفین ، ئۆکسیتۆسین ، سیرۆتۆنین و دۆپامین ، تێبینی کراوە کە زیادبوونی ئەو ھۆرمۆنانە مرۆڤ دڵخۆش دەکات . ئیندۆرفین ( Endorphins ) لەکاتی بوونی ئازار رێژەکەی لە خوێن زیاد دەکات و ئازار کەم دەکاتەوە ھاوشێوەی دەرمانی مۆرفین کە بۆ کۆنترۆلکردنی ئازار بەکاردەھێنرێت . سیرۆتۆنین ( Serotonin ) ڕۆلێکی گرنگی لە رێکخستنی توانای ھەرسکردن و شەھیەتی خواردن و خەوتن ھەیە و ڕۆلی لە رێکخستنی مەزاجی مرۆڤ و توانای فێربوون هەیە، هەندێكجار بە هۆڕمۆنی خۆشەویستی ناوزەد دەكرێت، ئۆکسیتۆسین ( Oxytocin ) ھۆرمۆنێکی زۆر گرنگە بۆ کاتی لەدایکبوونی مندال و شیرپێدان بە کۆرپەلەوەو درووستبونی خۆشەویستی لەنێوان مندال و دایک . تێبینیکراوە، کە ئەو ھۆرمۆنە بەڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەبێت لە رێگای ئەو رێکارانەی دەبێتە دەربڕینی ھەست و خۆشەویستی ، بۆ نموونە لە باوەش کردن .دۆپامین ( Dopamine ) رۆلێکێ گرنگی ھەیە لە ئەنجامدانی کۆمەلێک کرداری گرنگی مێشک . ئەو کەسانەی  دل خۆش دەبن رێژەی ئەو ھۆرمۆنە زیاد دەبێت ، ھەربۆیە بە ھۆرمۆنی ھەستکردن بە خۆشی دەناسرێت ( feel-good hormone ) 
دیارە لەو جەنجالیەی ژیان رۆژانە مرۆڤ ڕووبەڕوی کۆمەلێک کێشە دەبێتەوەو کاریگەری نیگەتیڤی لەسەر دەروونی مرۆڤ درووست دەکات . لێکۆلینەوەکان وادەردەخەن کە ھەندێک رێکار ھەیە دەبێتە فاکتەرێک بۆ زیادبوونی ئەو ھۆرمۆنانەی لەسەرەوە باسمانکردووەو دەکرێت مرۆڤ دلخۆش بکات . بۆ ئەو کەسانەی ئامادەباشیان تیایە بۆ گۆرانکاری لە ژیانیان ، لەخوارەوە بەشێک لەو رێکارانە بەشێوەیەکی کورت باس دەکەین:
١.وه‌رزش کردن ، ھەر جۆرێکی وەرزشکردن کە دەبێتە ھۆی خێرالێدانی دڵ وادەکات ڕێژەی ئیندۆرفین لە خوێن زیاد بکات . خۆ ئەگەر وەرزش کردنەکە لەگەل کەسێکی نزیک و خۆشەویستت بێت کاریگەری زیاتر دەبێت . ئەگەر ھەستدەکەیت تەنیای ، ھاورێیەکی خۆشەویست بدۆزە . جگە لە سوودەکانی وەرزش بۆ تەندرووستی مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی لەوە دلنیابە لە کۆتایی وەرزشکردن ھەست بە خۆشی دەکەیت .
٢.گالتەو نوکتەو پێکەنین دەبنە بەرزبوونەی رێژەی ئیندۆرفین و بەھێزبوونی بەرگری لەش . پێکەنین لە لایەن بەشێکی پسپۆرانی دەروونی وەک رێکارێک بەکاردەھێنرێت بۆ چارەسەری، ( laughter therapy ) 
٣.ڕامان و قاڵ بوونەوە ( Meditation and Deep thinking )دەبێتە ھۆی زیادبوونی رێژەی ئیندۆرفین و دۆپامین و سیرۆتۆنین لە خوێن . ئەنجامدانی یۆگا ئارامی بە مرۆڤ دەبەخشێت . بەھەمان شێوە عیبادەت و تەسەوف لە لایەن زۆر کەسی ئیماندار ئارامی بە دەروون و ڕۆح دەبەخشێ. 
٤.گوێگرتن لە مۆسیقا . لێکۆلینەوەی زۆر دەربارەی کاریگەری مۆسیقا لەسەر تەندرووستی جەستەو دەروونی مرۆڤ کراوە . مۆسیقا وەک رێگایەکی چارەسەری بەکاردەھێنرێت . تێبینی کراوە گوێگرتن لە مۆسیقا دەبێتە زیادبوونی ھۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین . 
٥.خواردن ،لێکۆلینەوەکان ئەوەیان سەلماندوە کە خواردنی ئەو شتانەی کە رێژەیەکی باش لە ترشەلۆکی تریپتۆفان ( Tryptophan ) تیایە دەبێتە ھۆکارێک بۆ دلخۆشی .ھەندێک جۆری خواردن ھەن کە دەبێتە زیادڕژانی ھۆرمۆنەکان . بۆ نموونە بەھارات و خواردنی تیژ ڕێژەی ئیندۆرفین زیاد دەکات . خواردنی ماست و ھێلکەو گوێز دەبێتە زیادبوونی دۆپامین.خواردنی چوکلێتی رەش ( dark chocolate )بە برێکی کەم مرۆڤ دلخۆش دەکات ، ھەر بۆیە بەشێکی ئەو نەخۆشانەی خەمۆکیان ھەیە پەنا بۆ چۆکلێت دەبەن. لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن کە پرۆسێسی خواردن ئامادەکردن و خواردنی لەگەل ئەندامانی خێزان و کەسانی خۆشەویست ئارامی بە مرۆڤ دەبەخشێ . 
٦.خەوتن ، کەم خەوێ و نارێکی خەو دەبێتە ھۆی تێکچوونی ھاوسەنگی ھۆرۆمۆنەکان ، جگە لە زیان بۆ جەستە کاریگەری نیگەتیڤی لەسەر دەروونی مرۆڤ درووست دەکات . ھەول بدە ٧ بۆ ٩ کاتژمێر بخەوە . لە ئێواران ئەو خواردنەوانەی کە کافاینی تیایە وەک قاوەو چایە کەمبکەوە . 
٧.سەفەرکردن و ئاشنابوون بە شوێنی نوێ لەگەل ئەندامانی تری خێزان ، یاخود ھاورێی نزێک ھۆکارێکە بۆ شکاندنی ئەو رۆتینەی کە مرۆڤ رۆژانە لای دووبارە دەبێتەوە .بە تایبەت دوور کەوتنەوە لە جەنجالی شارو تێکەل بوون لەگەل جوانی سرووشت ئارامی بە مرۆڤ دەبەخشێت . 
٨.زیندووکردنەوەی یادگاریە خۆشەکان . تێبینیکراوە کە بیرکردنەوە لە یادگاریە خۆشەکانی رابردوو دەبێتە ھۆی زیادبوونی دۆپامین لە مێشک ، بۆ نموونە سەیرکردنی ھەندێک وێنە کە کۆمەلێک یادگاریت لەگەل ھەیە . یاخود باسکردنی رووداوێکی خۆش کە لە رابردوو لەگەل کەسوکارو ھاورێکانت کردووتە . 
٩.بەخشین و مرۆڤدۆستی . لێکۆلینەوەکان ئەو راستیە دەسەلمێنن کە ئەو کەسانەی لەگەل رێکخراوە خێرخوازەکان کاردەکەن ئاسوودەترن بە بەراورد لەگەل کەسانیتر . تێبنی کراوە لە کاتی بەخشین ئەو بەشەی مێشک کە پەیوەستە بەچێژ چالاک دەبێت و رێژەی ئیندۆرفین زیاددەبێت . 
١٠.کات بەسەربردن لەگەل ھاورێکانت . ھەول بدە کات درووست بکە بۆ تێکەل بوون لەگەل ھاورێ نزیکەکانت ، چونکە ئەو تێکەلبوونە دەبێتە زیادبوونی ھۆرمۆنەکانی دل خۆشی.
دکتۆر عارف گۆران
پسپۆڕی ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
پسپۆڕی وورد لە نەخۆشیەکانی شەکرەو ھۆرمۆنات
لەندەن

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.