پێش نیوهڕۆی ئهمڕۆ ههینی دکتۆر لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی بەغدا پێشوازی کرد لە جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا.
لە میانی دیدارەکەدا، باس لە ئاستی پەیوەندیی پتەوی دووقۆڵیی کرا کە هەردوو وڵات پێکەوە گرێ دەدات، هەروەها وردەکاریی هاریکاریی هەنووکەیی و چۆنیەتی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانەیان تاوتوێ کرد لەگەڵ چەندین مەسەلەی جێی بایەخی هەردوو وڵات بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی دۆست بەدی بهێنێت.
سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە لە گرنگی پەیوەندیی عێراق و ئیتاڵیا و پێویستی کارکردن و هەماهەنگیکردن لەپێناو بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە، ئاماژەی دا کە ئیتاڵیا و عێراق زۆر ئامانجی گرنگ پێکەوە گرێیان دەدات.
دکتۆر لەتیف باسی لەو سەقامگیرییە ئەمنی و سیاسییە کرد کە وڵات بەخۆیەوە بینیوە لە دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، کە بەرنامەیەکی حکوومی فراوان دانراوە لەسەر بنەمای پێشخستنی پڕۆژەی ژێرخانی ئابووری، هەروەها باشترکردنی دۆخی ژیان و خزمەتگوزاری کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیاری هاووڵاتییانەوە هەیە، جگە لە پێویستی کارکردن بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت لە ڕێگەی ئاسانکاری و یاسای پێویست و کردنەوەی دەرگهی وەبەرهێنان لە پرۆسەی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.
ههروهها شکستی تاقمە تیرۆریستییەکان لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و ڕۆڵی وڵاتانی دۆستی لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی بەرز نرخاند بۆ هاریکاریکردنی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، بە تایبەت ئیتاڵیا کە رۆڵی کاریگەری هەبووە لە پاڵپشتیکردن و ڕاهێنان و ڕاوێژکردن لەو پرۆسەیەدا.
سەرۆک کۆمار راشیگەیاند كه چەندین لایەنی هاریکاری و هەماهەنگی لەنێوان عێراق و ئیتاڵیادا هەیە، کە دەتوانرێت لە بوارەکانی ئابووری و ڕۆشنبیری و گەشتیاریدا بەهێزتر بکرێت، ئاماژەی دا بە سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەسەر دڵی عێراقییەکان کە وێنەیەکی ڕاستەقینەی بارودۆخی سەقامگیری وڵاتەکە دەسەلمێنێت، هەروەها ئاستەنگی هاوبەش کە پێویستی بە هەماهەنگی هاوبەش هەیە، لەوانە چارەسەرکردنی دەرهاویشتەکانی تیرۆر کە ئەویش گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، هەروەها پێویستی بوونی هاریکاریی کەلتووری لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانەوە، کارکردن لەسەر هەوڵی هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و قەیرانەکانی دەرئەنجامی کەمی ئاو و بیابانبوون.
لای خۆشییەوە، جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا بە بایەخەوە باسی لەو پێشهاتە ئەرێنییە کرد کە عێراق لە ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە بۆخۆیەوە بینیوە و جەختی کردەوە لە ویستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە هەموو ئاستەکاندا، جگە لەوەی پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و سەروەری و سەلامەتی هاووڵاتییانی دەکات، دووپاتیشی کردەوە لەسەر گرنگی عێراقێکی بەهێز و کاریگەر لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی ناوچەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.