Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 09:33

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا: ویستم یەکەم سەردانم بۆ هەرێمی کوردستان بێت

کوردستان TV
100%

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا ئەمڕۆ هەینی 23ـی 12ـی 2022 لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ویستم یەکەم سەردانم لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان بێت.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە بەناوی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەخێرهاتنی جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا کرد و سەردانەکەی بە ئاماژەیەک بۆ هاوپەیمانییەتی و دۆستایەتییە لەمێژینەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و ئیتاڵیا گەڕاندەوە و ڕایگەیاند: سەردانەکەتان لەم کاتەدا دڵگەرمییەکی زۆرە بۆ هێزەکانتان و پشتیوانییەکی زۆریشە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەناوی ئەوانیشەوە سوپاستان دەکەم.

ڕاشیگەیاند: پیرۆزبایی پێکهێنانی حکوومەتە نوێیەکەتان دەکەین، هیوادارین لەژێر سەرکردایەتی بەڕێزتان ئێمە بتوانین پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا بدەین.

مەسرور بارزانی هەروەها گوتی: دڵخۆشم کە دەبینم هەردوولا ویستی پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوانمان هەیە، هیوادارم لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا بێت.

هاوکات جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە سوپاسی مەسرور بارزانی کرد بۆ ئەو پێشوازییە و دڵخۆشی خۆی بە هاتنی بۆ هەرێمی کوردستان و دۆستایەتییە بەهێزەکەی نێوانیان دەربڕی و ڕایگەیاند: پەیوەندییەکی بەهێز و لەمێژینەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.

ڕاشیگەیاند: ئیتاڵیا هەموو هاوکارییەکی خۆی پێشکەش دەکات لەڕووی ئەمنییەوە، بەبوونی چەندین ساڵەی هێزەکانمان، ئەمڕۆش ویستم سوپاسگوزاری خۆم بە هێزەکانمان بگەیەنم کە لەم هەرێمەن، بۆ ئێمەش ئەم ڕۆژانە تایبەتن، لە کاتێکدا ئەم جەژنانە (جەژنی کریسمس) لەناو خێزانەکان بەسەردەبرێن، بەڵام هێزەکانمان لێرەن، سڵاوی خۆمان پێگەیاندن.

ڕاشیگەیاند "ویستم یەکەم سەردانم لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان بێت" کە ئەمەش دوای نزیکەی سێ مانگ لەدەستبەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیران دێت.

ئاماژەی بەوەش دا کە کاری بێوێنەتان کردووە لەڕووی ئەمنییەوە، دەتوانین زیاتر فراوانتری بکەین و گەشەی پێبدەین لە زۆر بواری دیکەدا، لەڕووی کشتوکاڵ و وزەوە دەتوانین ئەو هاریکارییانە لەنێوانمان فراوانتر بکەین.

جۆرجیا میلۆنی سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی کرد بۆ ئەو پێشوازییە و ئەو هەلەی بۆیانی ڕەخساندووە، هەروەها گوتی: ئیتاڵیا هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان فراوانتر دەکات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.