Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 09:32

مەسرور بارزانی و جۆرجیا میلۆنی تاوتوێی چەند بابەتێکی گرنگیان کرد

کوردستان TV
100%

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 23ـی 12ـی 2022 لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازی لە جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا کرد.

پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا کرا.

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هەولێر نیشان دا و ئاماژەی بە دۆستایەتیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا کرد و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و بەتایبەتی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی لە پاراستنی کریستیانەکان بەرز نرخاند. خواستی وڵاتەکەشی بۆ هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا هەروەها بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەوەی سەردانی ئیتاڵیا بکات.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی ئیتاڵیای کرد کە ڕۆڵێکی گرنگیی لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بە تایبەتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش. گوتیشی سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، ئاماژەیەکی گرنگە بۆ بەهێزی دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا.

چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنیگدان بە کەرتی کشتوکاڵی و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بەتایبەتی بازاڕەکانی ئەوروپا بەڕووی بەرووبوومی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.

پاشان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، جەختی لەوە کردەوە کە ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و کار و چالاکییەکانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەشی لە هەولێر بەرفراوانتر دەکات.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دووپاتی کردەوە کە هاتنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، دڵگەرمی و پشتیوانییەکی بەهێزە بۆ خەڵکی کوردستان و هيوای خواست، پەیوەندی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەکاندا پەرە بسەنێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.