Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 07:33

کەشناسی: شەپۆڵێکی بەفربارین بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

کوردستان TV
100%

کەشناسی هەرێمی کوردستان ئەمشەو هەینی 23ـی 12ـی 2022 شەپۆڵێکی بەفربارین ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش دادەبەزن.

بەشی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆڵێکى بارانبارینى مامناوەند بۆ لێزمەباران کە لە هەندێ ناوچە هەورەتریشقەشى لەگەڵدایە ناوچەکانى باشوور  و ناوەڕاستى عێراقی گرتۆتەوە.

ڕاشیگەیاند: پێشبینی دەکرێ ئەم شەپۆڵە تاوەکو درەنگانى ئەمشەو بەهێزتر بێت، هەروەها کاریگەریەکەشى درێژدەبێتەوە بە شێوەى نمەباران و هەندێ کات بارانى مامناوەند بۆ سەر خانەقین، خورماتوو، کەرکووک و ناوچەکانى گەرمیان.

کەشناسی هەروەها باسی لەوە کردووە کە "بۆ سبەى بەیانى ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت، لە کاتەکانى بەرەبەیان کاریگەرییەکەى درێژ دەبێتەوە بۆ سەر شاری سلێمانى و هەڵەبجە و ناوچە شاخاوییەکان و ناوچەکانى ڕاپەرین."

هاوکات باسی لەوەش کردووە کە "بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانى باکوورى ڕۆژهەڵاتى هەرێمی کوردستان دەبارێت و پلەکانى گەرما لەم سنوورە (4-6) پلە نزم دەبێتەوە بە بەراورد بە پلەکانى گەرمى ئەمڕۆ."

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "بۆ هەولێر و دهۆک پێشبینى دەکرێ ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو بێت لەگەڵ ئەگەرى کەمێک نمەباران."

کەشناسی ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەم شەپۆڵە پێشبینى دەکرێ تاوەکو ئێوارەى ڕۆژی شەممە بەردەوام بێت، بەتایبت لە ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى هەرێمی کوردستان."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.