Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 05:31

سەرۆكوەزیرانی عێراق پابەندبوونی خۆی بە رێككەوتنی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا دووپاتدەكاتەوە

کوردستان TV
100%

سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی جەخت لە پابەندبوون بە رێككەوتنی سیاسیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق دەكاتەوە.
بە گوێرەی ئەو نووسراوەی كە سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئومێد سەباح لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، بە واژووی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، حەمید غزی نووسراوێك ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەكانی حكوومەتی عێراق كراوە و تیایدا ئاماژە بەوە دراوە كە سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە كۆبوونەوەی ژمارە هەشتی ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژی 13ی كانوونی 2022 راسپاردەی كردووە، جەخت لە هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی فیدرالی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە لەبارەی ئەو دۆسیە و بڕیارانەی كە تایبەتن بە هەرێمی كوردستان، ئەویش بەپێی بڕگەی 20 لە كارنامەی وەزاریی حكوومەت كە تەواوی هێزە سیاسییەكان لەسەری رێككەوتوون و لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندكراوە.
هەر لە نووسراوەكەدا داوا لە هەمووان كراوە بەپێی تایبەتمەندیی خۆیان فەرمانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق جێبەجێ بكەن.
بەپێی بڕگەی 20 لە كارنامەی حكوومەتەكەی سوودانی كە لە نووسراوەكەی ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا ئاماژەی پێكراوە، دامەزراوە فەرمییەكانی عێراق پابەند كراون بەوەی كە هەر بڕیارێك لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە دەیدەن دەبێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.