Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 03:19

کەسوکاری شەهیدان بێبەرامبەر خزمەتگوزاریی تەندروستییان پێشکەش دەکرێت

کوردستان TV
100%

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 24ـی 12ـی 2022 ڕایگەیاند، کەسوکاری شەهیدان بێبەرامبەر خزمەتگوزاریی تەندروستییان پێشکەش دەکرێت و لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش 50% داشکاندنیان بۆ دەکرێت.

لە ڕاگەیەنراوێک فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: گرنگیدان و فراوانکردنی پانتایی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نەخۆشخانە حکوومییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی خۆڕایی بۆ نەخۆشان، یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو زیاتر هاوکاریکردنی هاووڵاتییان.

ڕاشیگەیاند: لەمەودوا هەر نەخۆشێکی کەسوکاری شەهیدان، سەردانی بنکە و نەخۆشخانە حکوومییەکان بکات، بێبەرامبەر خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەش دەکرێت، لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش بەرێژەی 50% داشکاندنیان بۆ دەکرێت.

عادل ساڵح، گوتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لەبارەی ئەم بڕیارەوە ڕایگەیاند: بڕیارەکە پاش ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بووە و بۆ ئەو مەبەستە، کۆنووسێکی هاوبەش لەنێوان وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەزیری تەندروستی واژۆ کراوە، بەپێی کۆنووسەکە بۆ کەسوکاری شەهیدان لە تەواوی بنکە و نەخۆشخانە حکوومییەکان داشکاندنی 100% لە سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەکرێت.

لەبارەی جۆری خزمەتگوزارییەکانەوە، ڕاشیگەیاند: خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان پێک دێن لە چارەسەر، پشکنین و نەشتەرگەری.

عادل ساڵح ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم بڕیارە، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاییش دەگرێتەوە و سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان بێبەرامبەر پێشکەش دەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر، لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان هیچ داشکاندنێک بۆ کەسوکاری شەهیدان نەدەکرا و لە نەخۆشخانە حکومییەکانیش تەنها لە 30% داشکاندنیان بۆ دەکرا، بەڵام ئێستا سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بنکە و نەخۆشخانە حکوومییەکان بێبەرامبەرە و لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش، 50% داشکاندنیان بۆ دەکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.