Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 19:56

لە ئەمریكا بەهۆی زریانی بەفرەوە لانیكەم 16 كەس گیانیان لەدەستدا

زیاتر لە یەك ملیۆن و 700 هەزار ماڵ و شوێنی كار لە سەرانسەری ئەمریكادا بێ كارەبان
کوردستان TV
100%

زریانی بەفر زیاتر لە یەك ملیۆن و 700 هەزار ماڵ و شوێنی كاری لە سەرانسەری ئەمریكادا بێ كارەبا كرد و 16 كەسیش بەهۆی رووداوەكانی پەیوەست بە كەشوهەواوە گیانیان لەدەستدا.
فەرمانگەی كەشناسیی نیشتمانی ئەمریكا (NWS) رایگەیاند، ئەو رەشەبا ساردەی كە لە جەمسەری باكوورەوە هاتووە و كاریگەرییان كردووەتە سەر دوو لەسەر سێی وڵات، لە رۆژانی كۆتایی هەفتەشدا لە ناوەند و خۆرهەڵاتی ئەمریكا كاریگەرییەكەی بەردەوامی دەبێت.
بەگوێرەی هەواڵێكی كەناڵی CNN، بەهۆی ئەو رووداوانەی لە ئەنجامی نالەباریی رەوشی كەشوهەواوە لە سەرتاسەری وڵاتدا روویانداوە، لانیكەم 16 كەس گیانیان لەدەست داوە.
هاوكات بەهۆی رووداوەكە زنجیرەییەكانی هاتوچۆوە ژمارەیەكی زۆر كەس برینداربوون و كاربەدەستان هۆشداری لەوە دەدەن كە بەهۆی زریانی بەفرەوە كە لە هەندێك ناوچە خێراییەكەی گەیشتووەتە 115 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا، مەودای بینین بۆ سفر دابەزیوە. 
بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی Poweroutage، زیاتر لە یەك ملیۆن و 700 هەزار ماڵ و شوێنی كار لە سەرانسەری ئەمریكادا بێ كارەبان، كاربەدەستانیش هۆشداریی دەدەن لەوەی بەهۆی بەردەوامی نالەباری كەشوهەواوە، رەنگە چاككردنەوەی گرفتە تەكنیكییەكان ماوەی چەندین رۆژی بوێت. 
لە كاتێكدا پێشبینی دەكرێت لە ئەمریكا زیاتر لە 200 ملیۆن كەس بكەونە ژێر كاریگەری سەرمای بە تین، ئاماژە بەوەدەكرێت رەنگە كاریگەریی سەرما سنووری كەنەداوە تا سنووری مەكسیك بگرێتەوە.
باس لەوەش دەكرێت بەهۆی زریانەوە پلەكانی گەرما لە ویلایەتەكانی مۆنتانا و داكۆتای باشوور و وایۆمینگ بۆ 45 پلەی ژێر سفر دابەزیوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.