Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 20:08

ستراتیجییەتی مەسرور بارزانی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان

فرسەت سەید شوكر
100%

سەرەتا.. 
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، یان پەیوەندییەكانی دەرەوە، میتۆدی سەرەكیی پێشكەوتن و مانەوەی ھەر دەوڵەت و وڵاتێكن. بەبێ پەیوەندیی دروست و ھەماھەنگكارانە، ئەستەمە دۆخی ئابووری بەرەو ئاراستەی بەرز ھەنگاو بنێت، جیالەوە، لە ھەموو ڕووە جیاوازەكانی دیكە (سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، كولتووری، فەرھەنگی، ھتد..) پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دیكە گرنگ و پێویستە.
ئیتاڵیا و ھەرێمی كوردستان
ئیتاڵیا دەوڵەتێكی كاریگەرە، ژمارەیەكی بەھێزی نێودەوڵەتی و ئابووری و سیاسەتی جیھانییە. بەتایبەت لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە پێگەیەكی تۆكمەی لە ئەوروپادا ھەیە،لە ساڵی 1958وە ئەندامی یەكێتی ئەوروپایە تا ئێستا 12 جار سەرۆكایەتی یەكێتی ئەوروپای كردووە.
لە پاڵ ھەموو ئەوانەش ژمارەیەكی بەھێزی ناتۆ و وڵاتانی G7ـە.
ھەر گۆڕانكارییەك لەو وڵاتە ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی بەسەر سیاسەتی جیھانی و بەتایبەت ئەوروپاوە ھەیە، ئیتاڵیا لە شەڕی داعش بە یارمەتی لۆجیستی و پێدانی چەك، یارمەتی هێزەكانی پێشمەرگەی دا، جگە لەوە تا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە بەردەوام بووە، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو مەشق و راهێنانی هێزەكانی ئیتاڵیا بە پێشمەرگە دەستپێبكاتەوە، ئیتاڵیا وەك یەكێك لە ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، رۆڵێكی كاریگەری بینی لە هاوكاریكردنی ‌‌هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا.
ڕۆڵی (سەربازانی ئیتاڵیا) زیاتر مەشقپێكردن و راهێنان و فێركردنی تەكنیكی نوێی شەڕ بوو بە هێزەكانی پیشمەرگە و سوپای عێراق 
ئیتاڵیا لە شەڕی داعش، بە یارمەتی لۆجیستی و پێدانی چەك هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگەی كرد، بەتایبەت بە پێدانی چەكی دۆشكەی پێشكەوتوو.

سەرەتای پەیوەندییەكانی نێوان ئیتاڵیا و ھەرێمی كوردستان 
دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2005 كاتێك سەرۆك بارزانی لەگەڵ (بێرلسكۆنی) سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبووەوە. دیارە، فراوانبوونی ئەو پەیوەندییانە ڕاستەوخۆ گرێدراوی ئەو ھەنگاوەیە. ھاوكات (سەرۆك بارزانی) لە ساڵانی 2012 و 2014 و 2015 سەرۆك بارزانی بەردەوام لەگەڵ سەرۆك و سەرۆكوەزیران بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیا كۆبووەتەوە.
ئیتاڵیا كونسڵخانەی لە ھەرێمی كوردستان ھەیە وەك ھەنگاوی بەردەوام بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان.
لە ڕووی ئابوورییەوە؛ وا چاوەڕوان دەكرێت پاش سەردانی سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا چەندان كۆمپانیای دیكەی ئیتاڵی بێنە ھەولێری پایتەخت، جیالەوەی ژمارەیەك كۆمپانیای نەوت لە ھەرێمی كوردستان و عێراق.
نەھێشتنی سەرچاوە داراییەكانی داعش..
یەكێك لە ستراتیج و بەرنامەكانی ئیتاڵیا ھاوشان لەگەڵ ئەمریكا و سعوودییە ووشكردنی سەرچاوە داراییەكانی داعشە، ئیتاڵیا ھەرێمی كوردستان وەك بەرگریكارێكی گەورە دژی فراوانبوونی دەسەڵاتی داعش دەبینێت، بۆیە مەبەستییەتی كە ھاوئاھەنگی زیاتری لەوبارەیەوە لەگەڵدا بكات.
پێشتر نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیتاڵیا، ئەوەی ڕاگەیاندبوو، لە ساڵی 2017دا ئیتاڵیا زیاتر لە 800 سەرباز و راهێنەر و مەشقپێكاری لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەبوو، بەڵام ئێستا لە هەرێمی كوردستان ژمارەی راوێژكار و سەربازانی ئیتاڵیا نزیكەی  280 راوێژكار و سەربازە.
بەجۆرێك تاوەكو كانوونی دووەمی 2017 ئیتاڵیا را‌هێنانی بە حەوت هەزار پێشمەرگە كردووە
بەردەوامی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر..
خاڵێكی دیكەی كە شیاوی ھەڵوەستە لەسەركردنە، ئاماژەدان بە ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر كە تا ئێستاش ئیتاڵیا، ھەرێمی كوردستان بە ھاوبەشێكی كارا و گەورەی خۆی لە بەگژاچوونەوەی ھەموو ئەو ئاڵنگارییانەی كە لەناوچە دێنە پێش، دەبینێت، لە پێشووتریشدا (جۆرجیا میلۆنی) ئاماژەی بەوەداوە كە ھەست بە ئاسایش و سەقامگریی لە ھەرێمی كوردستان دەكات، خستنەڕووی ئەم ڕاستییەش بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دونیای دەرەوە دەرگای دیكەی باشتری دیپلۆماسی بەڕووی ھەرێمی كوردستاندا دەكاتەوە.
ھەروەھا لەم سەردانەی سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا بۆ ھەرێمی كوردستان، ھەوڵی زێدەتركردنی ھاوئاھەنگی و نێوان ھەرێم و ئیتاڵیا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ھاوكات فراوانتكردنی ئەو پرۆژە مرۆییانەی كە بە سەرپەرشتی بەرنامەی ھاریكاری ئیتاڵی لە عێراق و ھەرێمی كوردستان جێگیركراون، لەگەڵ ئەو پێكەوەژیان و ئاشتییەی كە لە ھەرێمی كوردستان ھەیە بووەتە نموونەیەكی بەھێز كە ئیتاڵیا و وڵاتانی دیكەی جیھان بەردەوام ئاماژەی پێدەدەن.
كەرتێكی دیكەش لەو كەرتانە بواری گەشتوگوزارە كە ئیتاڵیا بەھۆی پێگە جوگرافی و مێژووییەكەی پێگەیەكی گەشتیاری بەھێزی لە جیھاندا ھەیە، خوازیارە كە ھەرێمی كوردستان سوود لە ئەزموونی ئەوان وەك دەوڵەتێكی گەورەی گەشتیاری ببینێت.
ڕۆڵی مەسرور بارزانی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی ھەرێمی كوردستان..
پیشاندانی پێگەی ھەرێمی كوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیكییانە بۆ پێكەوەژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی مەسرور بارزانی و كابینەی نۆیەمدا ڕەنگی داوەتەوە. 
دواین دوو سەردانی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا و سەردانی پێشووتری سەرۆكی ھەنگاریاش جیا لەوەی خاڵێكی ئەرێنیی بەھێز و گرنگە، ھاوكات ئەو سەردانانە وەڵامدەرەوەی چەندین ئالنگاریی ناوەخۆیی و دەرەكییە، كە بە پیلان و بەرنامەی داڕێژراو، كاری بۆ كراوە، بە دروستكردنی كۆسپ و تەگەرە و لەلایەن ھەندێك دەوڵەتی ناوچەكە، بۆ حكوومەتی ھەرێم.
پوختە..

جیهانی سیاسەتی نوێ، دروستكردنی بەرژەوەندیی هاودەنگە و مانەوەی دەوڵەتانیش، بەندە بە مسۆگەركردنی دانپێدانان، لە ڕێگەی برەودانی پەیوەندیی دیبلۆماسی و سیاسی و ئابووری و سەربازی لەگەڵ وڵاتانی دیكە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە.
لەگەڵ ھەموو ئەوانەش، بەرژەوەندیی نیشتمانی، سیاسەت ڕوون و گشتگیری و تێگەیشتن لە دۆخە ھەستیار و گرنگەكان، وریایی لە مامەڵەكردن، پەیوەندییەكی دیبلۆماسیی ھاوسەنگ و یەكگرەوە پێدەكدەھێنێت، كە دەرەنجامەكانی مانەوە و پێشكەوتنی بەردەوامە لەو ئالنگارییانەی ڕووبەڕووی جیھان دەبنەوە.
فرسەت سەید شكور
23ی كانوونی یەكەمی 2022

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.