Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 21:33

مێسی بەغدا لە فێستیڤاڵی فیلمی ئۆستێندە نمایش دەكرێت

براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە
کوردستان TV
100%

فیلمی سینەمایی 'مێسیی بەغدا' لە نووسین و دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری كورد، لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیی 15یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە لە بەلجیكا بەشدارە و كێبڕكێ بۆ بردنەوەی خەڵات دەكات.
كورتە فیلمی "مێسیی بەغدا" براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، ئەمساڵ وەك فیلمێكی بڵندی سینەمایی بەرهەمهێنرا و كاری وێنەگرتنی لە هەرێمی كوردستان كراوە، یەكەم نمایشی فیلمە بڵندەكەی، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە دەبێت و لەگەڵ حەوت فیلم كێبڕكێ لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیی فیلمە نێودەوڵەتییەكاندا دەكات و دوو فیلم بەناوی بەلجیكا لەو بەشە بەشدارن، یەكێك لەوانە "مێسیی بەغدا"یە و شەش فیلمی دیكە لە وڵاتانی دیكەوە بەشدارن.
چالاكییەكانی 15یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە لە 27 كانوونی دووەمی 2023 لە شای ئۆستێندەی كەنار دەریایی بەلجیكا دەستپێدەكات و تاوەكو 4ـی شوبات بەردەوام دەبێت. 
سەهیم عومەر، لە 2018 بە فیلمی سینەمایی "زاگرۆس" خەڵاتی ئەكادیمی بەلجیكی بۆ باشترین دەرهێنەر و سیناریۆ وەرگرت كە لەلایەن فیلمسازانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت و تایبەتە بە فیلمە بەلجیكییەكان و لە چوارچێوەی چالاكییەكانی فیستیڤاڵەكەدا دەبەخشرێت.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە، لە 2007ـەوە دامەزراوە، ساڵانە لە مانگی ئەیلوول بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەمساڵ لە مانگی كانوونی دووەم دەستپێدەكات. 
لەلایەكی دیكەوە، ئەم بەرهەمە سینەماییە لە مانگی ئازاری 2023 لە سینەماكانی بەلجیكا پێشاندەدرێت و وەك ئامادەكارییك بۆ بڵاوكردنەوەی، پۆستەر و ترەیلەری بڵاوكرایەوە.
بودجەی بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە لەلایەن بەلجیكا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان دابینكراوە و تەنها لە هەرێمی كوردستان 500 هەزار دۆلاری ئەمریكی لە بودجەی فیلمەكە بۆ وێنەگرتن و بەرهەمهێنانی خەرجكراوە.
لە نێوەڕاستی حوزەیرانی 2021 وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، لۆكەیشنەكانی وێنەگرتنی فیلمەكە لە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر بوو.
ستافی تەكنیكی فیلمەكە لە كوردستان، بەلجیكا و هۆڵەندا بەشدارن و هەریەك لە زەهرا غەندور، ئەسیر عادل، حسێن حەسەن و عادل عەبدولڕەحمان لەم بەرهەمەدا رۆڵی سەرەكی دەگێڕن.
هێندریك ڤێرتە لەرێگەی كۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەكشن (A Team Productions) لە بەلجیكا، محەممەد ئەكتاش لەرێگەی كۆمپانیای میتۆس فیلم (Mitos Film) لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و هەرێمی كوردستانیش لەبەرهەمهێنانیدا بەشدارن.
كۆمپانیای وایلد بۆنچ (Wild Bunch) كە یەكێك لە بەهێزترین كۆمپانیاكانی بڵاوكردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەركی بڵاوكردنەوەی فیلمەكەی لە ئەستۆگرتووە.
كورتەفیلمی "مێسیی بەغدا" لە 2012 بەرهەمهات و دەنگدانەوەیەكی جیهانیی هەبوو و بووە خاوەنی 60 خەڵات لە فێستیڤاڵە جیهانییەكاندا، یەكێك لە 10 كورتە فیلمەكانی كورتە لیستی فیلمە كاندیدكراوەكان بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار وەك باشترین كورتە فیلم.
"مێسیی بەغدا" باس لە منداڵێك دەكات كە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزانی یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی و ئەستێرەی هەڵبژاردی ئەرجەنتن لیۆنێل مێسییە.
ئەم فیلمە بووە هۆكار كە كارەكتەری سەرەكیی فیلمەكە چاوی بە لیۆنێل مێسی بكەوێت و دەزگایەكی بەریتانی هاوكاریی ماددی بۆ كۆكردەوە، لە ئێرانیش قاچێكی دەستكردی بۆ دروستكرا.
لە 2017 بەڕێوبەڕایەتیی سینەما لە بەلجیكا، بودجەی بۆ نووسینەوەی سیناریۆی "مێسیی بەغدا" بۆ فیلمێكی درێژ تەرخانكرد و بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەكەی تەرخانكرد كە ساڵانە تەنها پاڵپشتی شەش تا هەشت پڕۆژەی سینەمایی لەو وڵاتە دەكات.
بڕیاربوو كاری وێنەگرتنی فیلمەكە لە دەستپێكی 2020 دەستپێبكات، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەك تەواوی بەرهەمە سینەماییەكانی دیكە لە جیهاندا كاریگەری لەسەر وادەی وێنەگرتنی ئەم فیلمەش هەبوو.
ئەم بەرهەمە دەبێتە دووەم بەرهەمی درێژی سینەمایی خەلیفە لە دوای فیلمی درێژی سینەمایی "زاگرۆس" كە 12 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەكاندا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیكا.
سەهیم عومەر خەلیفە دانیشتووی وڵاتی بەلجیكایە، لەرێگەی كورتە فیلمی "خاكی پاڵەوانان"، "مێسیی بەغدا" و "راوچی خراپ" و فیلمی بڵندی سینەمایی "زاگرۆس" زیاتر لە 120 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەمایەكاندا بەدەستهێناوە، دوو لە فیلمەكانی كاندیدی خەڵاتی ئۆسكار بوونە وەك باشترین كورتە فیلم، ئێستا یەكێك لە ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئەكادیمیای ئۆسكار و لە رووی وەرگرتنی خەڵاتی سینەماییەوە خاوەنی چەندین ریكۆردە لەسەر ئاستی كوردستان، عێراق و بەلجیكا.
 

کولتوور و هونه‌ر هه‌مه‌ره‌نگ سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.