Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 21:23

لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە زیاتر پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ دەدرێت

کوردستان TV
100%

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆژەی فوود سیتی کە یەکێکە لەو کێڵگە سەرداپۆشراوانەی چەندین جۆر بەروبوومی کشتوکاڵی بەرهەم دەهێنێت، زیاتر پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و بەسەرچوونی کاتی بەرهەمهێنانی بەربوومە کشتوکاڵییەکان، لە ژمارەیەک لە کێڵگە کشتوکاڵییە سەرداپۆشراوەکاندا چەندین جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی بەرهەم دەهێنرێن.

ڕاشیگەیاند: پڕۆژەی فوود سیتی یەکێکە لەو پرۆژانەی هەفتانە 7 هەزار و 500 تۆن خاس (کاهوو) بەرهەم دەهێنرێت و ساڵانەش 40 هەزار تۆن فراولە (شلک) و 130 هەزار تۆن تەماتە بەرهەم دەهێنرێت، جیاواز لەمانەش ساڵانە 16 هەزار مەتر دووجا فریز (چیمەن) دەخاتە بازاڕەکانەوە.

هەڵوێست نەوزاد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فوود سیتی دەڵێت: دەتوانین بابەتی هەمەجۆری تێدا بچێنرێت، وەکو تەماتە، خەیار، بیبەر، سەوزە و میوە و تێدا دەچێنرێت. لە وڵاتان مۆز و چەندین جۆر میوەی دیکەشی تێدا دەچێنرێت لەناو ئەو کێڵگانە، بەڵام ئێمە تەنیا تەماتە، فراوڵە و کاهوو تێدا دەچێنین.

هەڵوێست نەوزاد، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەوان خەڵکی بیانی دەهێنن بۆ ئەوەی لێیانەوە فێربن، هەروەها ماددەی کیمیای و کشتوکاڵی لە دەرەوەی وڵات دەهێنن کە حکوومەت لەوەشدا کارئاسانیان بۆ دەکات.

پڕۆژەی فوود سیتی نموونەیەکە لەو کێڵگانەی کە لەژێر سایەی سیاسەتی پەرەپێدانی بە کەرتی کشتوکاڵ لەلایەن کابینەی نۆیەمەوە دەستی بەکار کردووە و بەرهەمەکانیشی لە ناوخۆ ساخ دەکرێتەوە و دەیان هەلی کاریشی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە.

ئاری ئەسعەد، کرێکارێکی خەڵکی کەرکووکە و لە هەولێر دادەنیشێت، ئەو لە یەکێک لەو کێڵگانە کار دەکات و دەڵێت: لێرەدا تەماتە دەچێنین، لە کاتێکدا لە دەرەوەی ئەو کێڵگانە کاتەکەی تەواو بووە، بەڵام ئێمە لێرە تەماتە دەچەنین و دەیبەینە بازاڕ و لە بازاڕ ساغی دەکەینەوە.

ئاری ئەسعەد ئاماژەی بەوە دا کە "من لە سایەی ئەم پرۆژەیەوە کاری خۆم دەستکەوتووە و مانگانە داهاتێکم هەیە.''

فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەختی کردۆتەوە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیدگایەکی تایبەتی بۆ کەرتی کشتوکاڵ هەیە و جگە لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و پێداویستی ناوخۆیی، ئێستا کار بۆ هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کە زیاتر لە پێویستی ناوخۆیی بەرهەم دێت دەکات و سیاسەتی پشتیوانیکردنی جوتیارانیش پەیڕەو دەکات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.